بەریتانیا بڕیاری رەوانەکردنی کۆچبەرانی بۆ روواندا راگرت


دادگای باڵای بەریتانیا بڕیاری حکومەتی ئەو وڵاتەی بۆ رەوانەکردنی کۆچبەران بۆ روواندا راگرت و بە پلانێکی نایاسایی لە قەڵەمدا.

بڕیارەکەی دادگای باڵای بەریتانیا بەهۆی ترسی دادگاکە لە پابەندنەبوونی روواندا بە مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە مافەکانی کۆچبەران هات.

هەروەها دادگای باڵای بەریتانیا جەختیکردووەتەوە، نابێت پەنابەران بەزۆر بۆ وڵاتەکانیان بگەڕێندرێنەوە لەکاتێکدا مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە.

رۆبەرت رید سەرۆکی دادگەی باڵای بەریتانیا دەڵێت، بەگوێرەی ئەو بەڵگانەی کەوتووەتە دەست دادگەی تێهەڵچوونەوەی وڵاتەکەی، ناردنی پەنابەران بۆ رواندا مەترسییە، ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەوەی دادگەی باڵای بەریتانیا پێداچوونەوەی بە بەڵگەکان کرد، گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە پلانی حکومەتی بەریتانیا بۆ ناردنی پەنابەران بۆ رواندا نایاساییە.

ساڵی رابردوو حکومەتی بەریتانیا بڕیاری رەوانەکردنی کۆچبەرانی وڵاتەکەی بۆ روواندا دا، ئەمەش نیگەرانی نەتەوەیەکگرتووەکانی لێکەوتەوە و بە کارەسات ناوی برد.