ئەردۆغان پەیامێکی توند ئاراستەی ناتانیاهۆ دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی شەڕی غەززە پەیامێکی توند ئاراستەی ناتانیاهۆ سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل دەکات و دەڵێت: “خاوەنی هەرچییەک بیت هەر دەڕۆیت”.

ئەردۆغان لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتی داد و گەشەپێدان لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: “ئیسرائیل ستراتیجی لەناوبردنی تەواوی شارێک بە خەڵکەکەی جێبەجێ دەکات، بە دڵێکی ئارام و بە ئاشکرا دەڵێم کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆرە”.

گوتیشی: “ئێمە وەکو حکومەتی تورکیا لەپێناو وەستاندنی کردە دڕنانەکەی ئیسرائیل لە غەززە هەموو هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ”.

ئەوەشی خستەڕوو: “لەکاتێکدا لە پلانی دووقۆڵیدا هەموو جۆرە پشتیوانیەکی مرۆیی دیار و نادیار پێشکەش بە فەڵەستین دەکەین، لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیشدا بەردەوام دەبین لە گۆشەگیرکردنی ئیسرائیل”.

سەرۆککۆماری تورکیا، دەشڵێت: “هەرگیز سڵ ناکەینەوە لە باسکردنی راستیی کە ئەندامانی حەماس بەرگرییکارن هەوڵدەدەن بۆ پاراستنی نیشتمان و گیانیان”.

باسی لەوەشکرد: “ئەگەر ئیسرائیل بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی، لە هەموو شوێنێکی جیهان ناوی تۆمار دەکات کە دەوڵەتێکی تیرۆریستیی نەفرەت لێکراوە”.