(بولەنت ئەجەویت) چۆن دەیڕوانییە پرسی كورد لە توركیا؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

بەدرێژەیی 100 ساڵی كۆماری توركیا، زیاتر لە 10 سەركۆمار بوونی هەبووە، جگە لە سەرۆك وەزیران، بەڵام هیچ یەكێك لەو سەرۆك و سەرۆك وەزیرانانە، گوتەیەكیان بەرامبەر بە پرسی كورد لە توركیا بەباشی لە دەم نەهاتووەتە دەرەوە، هەموویان پرسی كوردیان رەتكردووەتەوە، بەداخەوە (بولەنت ئەجەویت)، یەكێك بووە لەو سەرۆك وەزیرانەی، بەئاشكرا گوتوویەتی ”لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد“.

زۆرێك لەو سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانەی توركیا، بەڕەگەز كوردبوونە، بەڵام ئەوەندە توركیان خۆشویستووە و توركبوون چووەتە ناو خوێنیانەوە، بۆیە زۆرجار بەتوندترین شێوە رووبەڕووی كورد و ئەو بزوتنەوانە بوونەتەوە كە باسیان لە مافی كورد كردووە.
دەكرێت نموونە بە ( عیسمەت ئینۆنوو) بهێنینەوە، كە كورد بووە و ئەوەندەی سەر ئێسقان رقی لە كورد بووە، رۆڵێكی گەورەشی لە سەركوتكردنی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیراندا بینیوە و لە كۆمەڵكووژی دەرسیم و زیلاندا دەستی باڵای هەبووە، تەنانەت یەكێك بووە لەو سەرۆك كۆمارانەی، داوای كردووە لە باكووری كوردستان، بەبێ ئەوەی كوردەكان هیچ تاوانێكیشیان كردبێت، لەرێگەی دادگای (ئیستقلالە)ـەوە لەناویان ببەن و دەیان كوردیان بەبێ تاوان لەسێدارەدا و لەناویان بردن، ئەمەش بەگوێرەی بیرەوەرییەكانی (ئەحمەد سوورەیا)، كە یەكێك لە دادوەرەكانی دادگای (ئیستقلال) لە 1925.
(جەمال گورسەل)، ئەویش یەكێك بووە لەو سەرۆك كۆمارانی بەڕەگەز كورد بووە، بەڵام كاتێك دەچێتە ئامەد و لەوێ وتارێك پێشكەش دەكات و دەڵێت ”ئەگەر كەسێك لە دیاربەكر هات و گوتی كوردم، تفێك بخەنە نێوچاوانییەوە، چونكە لەم وڵاتەدا لە تورك زیاتر هیچ نەتەوەیەكی تر بوونی نییە“.
(بولەنت ئەجەویت)، كە بەڕەگەز كوردە و لە توركیا بەیەكێك لە سەرۆكە هەرە بەتواناكان دادەنرێت و هەندێك پێیانوایە، لەدوای ئەتاتورك تاكە سەرۆك بووە، كە ستراتیژییەتێكی قۆڵی هەبووە و هەمیشە لەناو دڵی توركدا دەمێنێتەوە.
تورك باس لە دوو سەروەری دەكەن كە لەسەر دەستی (بولەنت ئەجەویت)ـدا توركیا بەدەستی هێناوە، یەكەمیان داگیركردنی قوبرس بووە لە 1974، هەروەها دەستگیركردنی (عەبدیوڵا ئۆجەلان)ـیش هەر لەسەر دەستی( بولەنت ئەجەویت) بووە.
لەبارەی بۆچوونی (ئەجەویت)، لەبارەی پرسی كورد، لەكاتی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی بەناوی (قاوەخانەی نێرگەلە)، لێی دەپرسن بۆچوونت چییە لەسەر كێشەی كورد لە توركیا و ئەو رەتی دەكاتەوە لە توركیا، شتێك هەبێت بەناوی پرسی كورد.
(ئەجەویت) دەڵێت: ”ئەم جیاكارییە لەدەرەوەی توركیاوە ئاگرەكەی بۆ خۆش دەكەن، چونكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی زۆر گرنگە، ناوچەیەكە نەوتی زۆر لێیە و ئاسیا و ئەورووپا بەیەكترییەوە دەبەستێتەوە و توركیاش وڵاتێكی گرنگە لەو ناوچەیە. ئێمپریالیزم یاسایەكی هەیە، دابەشی بكە و پاشان بەڕێوەی ببە، ئازەربایجانی برامان گوتەیەكی توركی جوانیان هەیە (جیای كەرەوە و فەرمووی لێ بكە)، واتە وا جیای دەكاتەوە بەفەرمووەكەی ئەودا تێپەڕ ببێت. لەڕاستیدا زۆر وڵات هەن، كە زیاتر لە توركیا كێشەی ئەتنیكیان هەیە و كێشەی جیابوونەوەیان هەیە، بەڵام هیچ وڵاتێكی تر دەستوەردان لەكاروباری ئەواندا ناكات.“
هەروەها لەدرێژەی قسەكانیدا دووپاتی دەكاتەوە، لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەگەر هەبێت لە بالا هەیە و لە هەیمانە هەیە و لە كوللوو هەیە و لە جیهانبەی هەیە، لە دەرەوەی باشووری رۆژهەڵاتدا (مەبەسەت باكووری كوردستانە) كێشەی كورد بوونی نییە، چونكە لەنێوان كورد و توركدا جیاكاری نییە.
دەكرێت ئەوە بەبیر خوێنەر بهێنینەوە، كە لە 2005، (رەجەب تەییب ئەردۆغان)، سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتی توركیا، بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی كۆماری توركیا، لە وتارێكدا لە ئامەد گوتی: ”لە توركیا شتێك هەیە بەناوی كێشەی كورد و دەبێت ئەو كێشەیە لەسەردەمی مندا چارەسەر بكرێت“.
هەربۆیە پرسی چارەسەری هێنایە بەرباس و هەنگاوی باشی بڕی، پاشان هەنگاوەكان وەستان و شەڕی خەندەق لەنێوان پەكەكە و توركیا دەستیپێكرد.
لەدوای هەوڵی كودەتای 15ی تەمووز و نزیكبونەوەی مەهەپە لە ئاكەپە، ئیدی ئەردۆغان لەو وتەیەی پەشیمان بوویەوە كە گوتبووی لە توركیا كێشەیەك هەیە بەناوی كێشەی كورد و ئەمجارەیان گوتی ”لە توركیا شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد“
(بولەنت ئەجەویت)، لە وەزیرییەوە هێناویەتی و پاشان بووە بە سەرۆكی جەهەپە و هەروەها 16ەمین سەرۆك وەزیرانی توركیا بووە، جیا لەوەش لە پۆستی سەرۆك كۆماری توركیادا كاری كردووە.
ئەو لە 1925 لە ئیستانبۆڵ لە دایك بووە، باوكی كوردە و دایكی توركە، بەڵام وەكوو ئەوەی خۆی باسی دەكات لە تەمەنێكی درەنگدا زانیویەتی باوكی كوردە. لە 2006 لە ئەنكەرا و لە تەمەنی 81 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە.