دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

(ئیمامئۆغڵو) توانی( كلچدارئۆغڵو) شكست پێبهێنیت و رێگەی بۆ خۆی ئاسان كرد

دەنگی ناڕەزایی لەناو پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە)، ئەوكات بەرز بووەوە، كە (كەمال كلیچدارئۆغڵو)، سەرۆكی پێشووی جەهەپە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 28ی ئایاردا، بەرامبەر بە (رەجەب تەییب ئەردۆغان) دۆڕا. ئاخر هەرچی پارتی ئۆپۆزسیۆنە پشتگیری لە( كلیچدارئۆغڵو) كرد، ئومێدی هەموو ئەو دەنگدەرانەی ئۆپۆزسیۆن بوون، بە بەربژربوونی( كلیچدارئۆغڵو) لەبارچوو، چونكە هەر لەسەرەتاوە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەگەڵ ئەوەدابوو ) (ئەكرەم ئیمامئۆغڵو)، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ ببێتە بەربژێر، بەڵام (كلیچدارئۆغڵو)، ئەمەی رەتكردەوە و بەتەمەنی 76 ساڵییەوە ركابەری (ئەردۆغان)ـی كرد.

ئەو دەنگە بەرزەی داوای گۆڕانی لەناو جەهەپەدا دەكرد، (ئەكرەم ئیمامئۆغڵو) سەرۆكایەتیی دەكرد، بەڵام كاتێك لایەنگرانی (كلیچدارئۆغڵو)، رووبەڕووی ز
(ئیمامئۆغڵو) بوونەوە و گوتیان رابردووی لەناو جەهەپەدا كەمە و ئەزموونی كەمە و چۆن دەبێت ببێتە سەرۆكی پارت؟( ئیمامئۆغڵو)، زیرەكانە خۆی لەوە دزییەوە كە ببێتە جێگیرەوەی (كلیچدارئۆغڵو)، بەڵام شمشێرەكەی تیژ كرد، تا بتوانێت (كلیچدارئۆغڵو) لەسەر كورسی سەرۆكی پارت بهێنێتە خوارەوە و رێگەش بۆ خۆی خۆش بكات، تا لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2028دا، بتوانێت ببێتە بەربژێر.
(ئۆزگوور ئۆزەل)، سەرۆكی ئێستای جەهەپە، لە 2011ەوە لەناو پەرلەمانی توركیایە، ئەو زیرەكە و دەزانێت چۆن قسە بكات و كێش بكاتە ئامانج، بەڵام لەچاوەڕوانی هیچ كەسێكدا نەبوو، كە ببێتە سەرۆكی جەهەبە، تەنانەت كاتێك گوتی خۆم بەربژێر دەكەم، لەناو جەهەپە بەشێكی زۆر لە ئەندامان گاڵته یان پێی دەكرد.
(ئیمامئۆغڵو)، كە پیاوە بەهێزەكەی پشت (ئۆزەل )بوو، توانی لەناو كۆنگرەدا گورزێكی گەورە لە( كلیچدارئۆغڵو) بدات و (ئۆزەل) بخاتە شوێنی.
لای هەموو كەسێك روون بوو، ئەگەر( ئیمامئۆغڵو)، خۆی بەربژێر بكردایە، بە جیاوازییەكی زۆر پێش (كلیچدارئۆغڵو) دەكەوت، چونكە بنكەی جەماوەری جەهەپە و ئەندامانی كۆنگرە، زیاتر مەیلیان بەلای (ئیمامئۆغڵو) بوو، (ئیمامئۆغڵو)ـیش ئەمەی قۆستەوە كە لە هەنگاوی یەكەمدا پیاوە پیرەكە لا بدات و هەنگاوی دووەم خۆی بچێتە شوێنی.
دەكرێت نموونە بە (رەجەب تەییب ئەردۆغان) و (عەبدوڵا گویل) بهێنینەوە، لە 2002، كاتێك ئاكەپە توانی ببێتە زۆرینەی پەرلەمان و حكوومەت پێكبهێنێت، ئەردۆغان نەیتوانی ببێتە سەرۆكی پارت و سەرۆكی حكوومەت، چونكە قەدەغەی سیاسەتی لەسەر بوو، بەڵام ئەوكات ئەمانەتەكەی دایە دەستی (گویل) و كردی بەسەرۆكی پارت و سەرۆكی حكوومەت، لە 2003، ئیدی( ئەردۆغان )كاتێك بەبڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، توانی بگەڕێتەوە ناو كایەی سیاسەت، پۆستی سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی ئاكەپەی لە (گویل) وەرگرتەوە، واتە ئەمانەتەكەی لێوەرگرتەوە.
ئەمەی (ئیمامئۆغڵو) و (ئۆزەل)ـیش هەمان سیناریۆیە، ئەمانەتی سەرۆكی جەهەپە دەدرێتەوە بە (ئیمامئۆغڵو)، رەنگە هەر دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024،( ئیمامئۆغڵو) لە كۆنگرەیەكی نائاسایی جەهەپەدا، ببێتە سەرۆكی جەهەپە.
ئەركی ئۆزەل زۆر قورس دەبێت، لەلایەك لایەنگرانی (كلیچدارئۆغڵو) لە سەركردایەتی كێشەی بۆ دروست دەكەن و هەموو هەوڵێك دەدەن سەركەو توو نەبێت، لەلایەكی تر دەكەوێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی زۆر قورس، ئەویش هەڵبژاردنی شارەوانییەكانە، ئەگەر لەوێدا سەركەوتوو نەبێت، ئەوكات كورسییەكەی دەلەقێت و (ئیمامئۆغڵو)ـیش بەئاسانی لێی وەردەگرێتەوە.
لە هەموو ئەگەرێكدا دەبێت ئەوە بزانین، بوونی (ئۆزەل )بەسەرۆكی جەهەپە، تەمەنی زۆر كورت دەبێت، چونكە ئامادەكارییەكان بۆ ئەوە كراوە، پۆستی سەرۆكی جەهەپە بدرێت بە( ئیمامئۆغڵو)، هەر ئەویش دەتوانێت بەبوونی بە سەرۆك، ركابەری( ئەردۆغان ) و ئاكەپە بكات، واتە (ئیمامئۆغڵو) دەیەوێت بەبەردێك چۆلەكەیەك و هەڵۆیەك بكوژێت، چۆلەكەكە بوونییەتی بەسەرۆكی جەهەپە، هەڵۆیەكەش بوونییەتی بەسەركۆماری توركیا لە 2028.