یەكێتی ئەورووپا نیگەرانە لەوەی توركیا تاكلایەنە حەماسی نەخستووەتە لیستی تیرۆرەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، نیگەرانە لە هەڵوێستی سیاسەتی دەرەوەی توركیا، هەروەها كاتێك توركیا حەماسی وەكوو رێكخراوێكی ئازادیخواز و خەباتگێر ناساند، یەكێتی ئەورووپا، نیگەرانی خۆی لەوڕووەوە دەربڕیوە و دەڵێت توركیا تاكلاینە بڕیاری داوە.

ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەورووپا، بەشێوەی دانووستاندن زیاتر لە پێنج ساڵە دەستیپێكردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەی تازەترین راپۆرتی كۆمیسیۆنی یەكێتی ئەورووپا، توركیا هیچ پێشوەچوونێكی لەڕووی ئازدی و مافی مرۆڤەوە بەخۆیەوە نەبینیوە، ئەمەش پێچەوانەی یاسا و بنەماكانی یەكێتی ئەورووپایە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، لەڕووی ئازادی تاك و مافی مرۆڤ و دیموكراتییەوە، توركیا لەپاشەكشەی داوە، لەكاتێكدا دەبوایە بەرەوپێشەوە بچێت. هەروەها لەڕووی سیاسەتی دەرەوەشدا ئاماژەیانداوە، توركیا سیاسەتی دەرەوەی لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا یەكناگرێتەوە و زۆر لە یەكترییەوە دوورن و توركیا تاكلایەنە بڕیار دەدات.
ئەوەی یەكێتی ئەورووپای نیگەران كردووە، هەڵوێستی توركیایە بەرامبەر بە گروپی حەماس، چونكە تەواوی وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، پێیانوایە حەماس رێكخراوێكی تیرۆرستییە، بەڵام توركیا بەفەرمی لەسەر زاری رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە ئاشكرای كرد، حەماس تیرۆرست نییە و خەبات دەكات بۆ رزگاری خەڵكی فەڵەستین، بۆیە ئەمە یەكێتی ئەورووپای نیگەران كردووە و دەڵێت تاكلایەنە بڕیاری لەوباریەوە دایەوە و ئەم هەڵوێستەی توركیا لەگەڵ بنەما و یاساكانی یەكێتی ئەورووپا یەك ناكرێتەوە.

نزیكبوونەوەی توكیا لە رووسیا
نزیكبوونەوەی توركیا لە رووسیا، دوای جەنگی نێوان رووسیا و ئۆكڕاینا، یەكێتی ئەورووپای نیگەران كردووە، چونكە هەموو وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، گەمارۆی ئابوورییان خستە سەر رووسیا و بە داگیركار ناویان برد، بەڵام توركیا جیا لە هەموو وڵاتانی ئەورووپا، خۆی لە رووسیا نزیك كردەوە و پەیوەندی ئابووری خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا زیاتر برەو پێدا.
بەگوێرەی راپۆرتی یەكێتی ئەورووپا، توركیا بە نزیكبوونەوەی لە رووسیا، پێمانی گوت كە گوێ بەیاسا و بڕیارەكانی یەكێتی ئەورووپا نادات، لە كاتێكدا دەبوایە وەكوو وڵاتانی یەكێتی ئەورووپا، ئەویش گەمارۆی ئابووریی بخستایەتە سەر رووسیا.
بەهۆی ئەوەی یەكێتی ئەورووپا، بەفەرمی دانووستاندنی توركیای لە ئەندامبوونی لەو یەكێتییە دەستپێكردووە، بۆیە دەبوایە توركیا ئەو یاسایانە جێبەجێ بكات كە لەو یەكێتییەدا گرنگە و بنەمایە بۆ ئەوەی ببێتە ئەندام، دیارترینیان ئازادی تاك و رۆژنامەكەری و هەروەها گرنگیدان بە مافی مرۆڤ و یەكەڵهەڵوێستی لە سیاسەتی دەرەوەدا لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا، بەڵام توركیا، هەنگاوەكانی لەگەڵ ئەو یەكێتییەدا نەناوە و جاروباریش ئەردۆغان دەڵێت: ”ئەگەر نامانكەن بە ئەندام لەیەكێتی ئەورووپا منەتمان پێیان نییە.“
لەڕووی دیموكراتییەوە پێشوەچوون بوونی نییە
بەگوێرەی راپۆرتی یەكێتی ئەورووپا، لەڕووی ئازادی و دیموكراتی و بێلایەنی دادگادا، توركیا هیچ پێشوەچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە، بەپێچەوانەوە بەرەو دواوە هەنگاوی ناوە.
هەروەها باسیان لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار كردووە، كە میدیای توركیا بێلایەن نەبووە و بەشێكی زۆری میدیا لەبەرژەوەندی ئاكەپەدا بووە و هەروەها لەژێر چەتری ئەو پارتەدا كاری رۆژنامەوانییان كردووە.
لەراپۆرتەكەدا، باسیان لە ئەندامبوونی توركیا كردووە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، بەڵام توركیا پابەند نەبووە بەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەو دادگایە، بەتایبەت كاتێك ئەو دادگایە بڕیاری داوە، سەلاحەدین دەمیرتاش و عوسمان كاڤالا ئازاد بكرێت، بەڵام توركیا دەڵێت، ئێمە ئەو دادگایە ناناسین و بڕیارەكە جێبەجێ ناكەین، ئەمەش وا دەكات توركیا دوور بكەوێتە لە ئەندامبوونی لە یەكێتی ئەورووپا.
وەكوو ئەوەی رێپۆرتەری یەكێتی ئەورووپا لە توركیا، بەناوی ئۆلیڤەر باسی دەكات، لە 2018ەوە توركیا هیچ پێشوەچوونێكی بەخۆیەوە نەبینیوە بۆ ئەندامبوون لەیەكێتی ئەورووپا و پڕۆسەكە هەروەكوو خۆیەتی، چونكە لەڕووی ئازادی تاك و رۆژنامەگەری و بێلایەنی دادگا و دیموكراتییەوە بەرەو دواوە چووە.