ئەمەریکا و کەنەدا زیاتر لە 450 هاووڵاتیانی خۆیان لەکەرتی غەززەوە گواستووتەوە میسر

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە، 59 هاووڵاتی و دانیشتووانی هەمیشەیی و ئەندامانی خێزانەکانیان لە کەرتی غەززە لە رێگەی دەروازەی سنووریی رەفەحەوە بەرەو میسر گواستووەتەوە.

پێشتر کەنەدا، گواستنەوەی گروپی یەکەمی کەنەدییەکانی لە نێوان 20 بۆ 25 کەس راگەیاندبوو، پێشبینیشی دەکرد 80 کەسی دیکە لە رۆژی چوارشەممەدا ئەو ناوچەیە جێبهێڵن.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا ئاماژەی بەوەشکرد، “بەو پێیەی دۆخەکە زۆر ناجێگیرە و شتەکان پێشبینی ناکرێن، پێویستە کەنەدییەکان ئامادەبن بۆ دواکەوتنی درێژخایەن لە دەروازەی رەفەح”.

کەنەدا رایگەیاند، ئیسرائیل هەفتەی رابردوو ئاگاداری کردۆتەوە، کە لە چەند رۆژی داهاتوودا زیاتر لە 400 هاووڵاتی کەنەدی و دانیشتووانی هەمیشەیی و ئەندامانی خێزانەکانییان دەتوانن غەززە بەجێبهێڵن.

دەروازەی رەفەحی میسر لە رۆژانی 4 و 5ـی ئەم مانگە داخرا و ئێوارەی درەنگانی رۆژی دووشەممە کرایەوە.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، ئەمەریکا یارمەتی زیاتر لە 400 هاووڵاتی ئەمەریکی و کەسانی دیکەی غەززەی داوە، دەشڵێت: هێشتا ئەمەریکییەکان لە کەرتی غەززەدا هەن.

ڤێدانت پاتێڵ جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت: ئێمە بەردەوامین لە کارکردن، بە هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئیسرائیل، بۆ دابینکردنی ڕێڕەوی سەلامەت بۆ هاووڵاتیانی ئەمەریکی و ئەندامانی خێزانە نزیکەکانیان و ئەوانەی نیشتەجێی هەمیشەیی یاسایییان لە ئەمەریکا هەیە”.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە هەفتەی رابردوو باسی لەوەکردبوو، کۆی گشتی نزیکەی هەزار ئەمەریکی دەیانەوێت لە کەرتی غەززە بچنە دەرەوە.

پاتێڵ درێژەی بە قسەکانی دا و گوتی: ئەمە دۆخێکی بەردەوام و ناجێگیرە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکییانەی کە دەتوانن بچنە دەرەوە زیاد بکات.

لە بەرەبەیانی 7ـی ئۆکتۆبەر، بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، کە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران، لەبەرانبەردا ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی کەرتی غەززە کرد زیاتر لە 10 هەزار و 328 کەس کوژران و زیاتر لە 27 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە زیاتر لە پێنج هەزاریان ژن و منداڵن.