حەماس: بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل 60 بارمتە ونبووە

کەتیبەکانی قەسام باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس رایگەیاند، رۆژی شەممە، بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل 60 بارمتەمان وونبووە.

گوتەبێژی کەتیبەکانی عزەددین قەسام، ئەبو عوبێدە لە پلاتفۆرمی تێلێگرام گوتی: بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیل، زیاتر لە 60 بارمتەمان ونبووە، هەروەها تاوەکو ئێستا 23 لاشەی بارمتەکانی ئیسرائیل لەژێر داروپەردووەکاندان.

ئاماژەی بەوەشکرد، لیواکان 24 ئۆتۆمبێلی سەربازی ئیسرائیلیان تێکشکاندووە، هەروەها لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لیواکانی قەسام بە مووشەکی “ئەلیاسین” هێزەکانی ئیسرائیلیان کردۆتە ئامانج.

روونیشیکردەوە: بە مووشەکی دژە زرێپۆش هێرشمان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانی ئیسرائیل، دەشڵێت: ئێمە شەڕێکی نایەکسان دەکەین، بەڵام جیهان فێردەکەین، لە مێژوودا نەمر دەبین.

لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس هەڵگیرسا، لە سەرەتادا باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، لە وەڵامدا سوپای ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومان کرد، پاشان هێرشی زەمینی بۆ سەر غەززە دەستپێکرد.

بەپێی ئاماری تەندروستی لە غەززە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل ژمارەی کوژراوان لە غەززە گەیشتووەتە نۆ هەزار و 488 کەس لەنێویاندا سێ هەزار و 900یان منداڵن، هەروەه اتاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون.