بلینكن: هاتووین كۆتایی به‌ شه‌ڕی نێوان حه‌ماس و ئیسرائیل بهێنین

 

ئه‌نتۆنی بلینكن له‌ عه‌مانه‌وه‌ له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسی دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات، سعوودیە، قەتەر، میسر و ئوردن رایگه‌یاند، زۆر سوپاسی ئه‌و وڵاتانه‌ ده‌كه‌م كه كارده‌كه‌ن‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و رێگه‌گرتن له‌ فراوانبوونی جه‌نگی حه‌ماس – ئیسرائیل.

بلینكن راشیگه‌یاند، ئێمه‌ هاتووینه‌ته‌ ئێره‌ بۆ ئه‌وه‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل حه‌ماس كۆتایی پێبێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌موومان رازی بووین به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانمان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بپارێزین و رێگری له‌ هه‌وڵه‌كانی فراوانبوونی شه‌ڕ بكرێت.

دووپاتیشیكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ قسه‌مان له‌باره‌ی رێگرییه‌كانی فراوانبوونی جه‌نگ له‌ غه‌ززه‌ كرد، هه‌روه‌ها دووپاتیشكرایه‌وه‌ كه‌ هاوكاری مرۆیی بگاته‌ غه‌ززه‌.

بلینكن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه‌ باسی بارمته‌كانیش كراوه‌‌، ئێمه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ ئێران له‌ باره‌ی جه‌نگی حه‌ماس – ئیسرائیل كردووه‌.

گوتییشی: “پێویسته‌ رێككاره‌كان بۆ به‌ئامانج نه‌گرتنی هاووڵاتییانی سڤیل له‌ غه‌ززه‌ له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه‌ بگیرێته‌به‌ر، من منداڵی خۆم ده‌بینم كاتێك دۆخی غه‌ززه‌ ده‌بینم”.

ئەمڕۆ ئه‌نتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی لە ئوردن كۆبووه‌وه‌. لە لوتکەکەدا راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە تاوتوێكرا.

لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 261 کەسی دیکە له‌ غه‌ززه‌ بوونە قوربانی و ژمارەی کوژراوان لە 7ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا گەیشتە  9488 کەس، کە 3900 یان منداڵن و 2500 یان ئافره‌تن و بە لایەنی کەم 24 هەزار کەسیش بریندارن. (هه‌روه‌ك ته‌ندروستی غه‌ززه‌ بڵاویكردووه‌ته‌وه‌).

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی ته‌ندروستی غه‌ززه‌ لەسەدا 70ی قوربانییان لە ژنان، منداڵان و بەساڵاچووانن.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، تا ئێستا کەسانێک لە ژێر داروپەردووی رووخاوی باڵه‌خانه‌كاندا ماون و 1250 منداڵ بێسەرو شوێنن و بە گشتی لەبارەی 2200 کەسیش هیچ زانیارییەک لەبەردەستدا نییە.