کەسوکاری بارمتە ئیسرائیلییەکان: تۆڵەمان ناوێت پێویستیمان بە كەسوكارەکانمانە

جارێكی دیكە لە پایتەختی ئیسرائیل سەدان كەس لە كەسوكاری بارمتەكان رژانە سەر شەقامەكان و داوا لە حكومەت دەکەن بارمتەكان ئازاد بکات. باوكێ یەكێك لە بارمتەكان دەڵێت، “دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی ئەمەریكا بەبێ ئازادكردنی بارمتەکان، حکومەتی ئیسرائیل ناچار بە بڕیاری دیكە ناكات”.

هەموو ئەو خەڵکەی لە تەلئەڤیڤ کۆبوونەتەوە پەرۆشی چارەنووسی خۆشەویستەکانیانن و نازانن چییان بەسەر دێت، ئەوان دەڵێن، “دەبێت حکومەت هەموو کارێك بۆ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بکات، هیچ شتێک بەهای لەو کارە زیاتر نییە”.

باوكی یەكێك لە بارمتەكان ئاماژە بەوە دەدات، “دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی كە کاری لەپێشینەی حکومەت بۆ ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکانە. ئێمە دەزانین کە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ناوچەكەیە، دەمانەوێت دڵنیابین لەوەی بەبێ ئازادكردنی بارمتەکان، حکومەتی ئیسرائیل ناچار بە بڕیاری دیكە ناكات”.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ جاری سێیەمە لە سێ ھەفتەی رابردوودا سەردانی تەلئەڤیڤی كردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڵێت، دۆخەكە پێویستی بە وەستانێکی مرۆیی هەیە بۆ یارمەتیدانی سەدان هەزار هاووڵاتیی سڤیل لە غەززە، بەڵام سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل خواستی ئەمەریکای ڕەتدەکردەوە و گوتی، “بەبێ ئازادکردنی بارمتەکان ھیچ جۆرە ئاگربەستێکی کاتی راناگەیەنین”.

كەسوكاری بارمتەكان ئاماژە بەوە دەدەن، “چاوەڕوانیمان لە حكومەت ئەوەیە، بۆ گەڕانەوەی بارمتەكان ھەموو ھەوڵێك بدات. من تۆڵەم ناوێت، ئازارێكی زۆرمان چەشتووە؛ خەڵك ھەیە هەموو شتێکی لەدەستداوە. پێویستیم بە غەززە نییە، پێویستم بە لوبنان نییە، ئێمە پێویستیمان بە گەڕانەوەی كەسوكارەكانمان هەیە”.

29 رۆژە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە

بەرەبەیانی رۆژی 07-10-2023، سەدان چەکداری سەر بە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و چوونە نێو ناوچە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە. هەر لەو رۆژەدا زیاتر لە پێنج هەزار مووشکیان لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی چەکدارانی حەماسدا، زیاتر لە 1400 هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی ئەو وڵاتە لەلایەن حەماسەوە کوژراون. چەکدارانی حەماس هەر لەمیانی هێرشکەیاندا زیاتر لە 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلییان وەکو بارمتە دەستگیرکردن.

دوای هێرشەکەی حەماس، سوپای ئیسرائیل بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە چوار هەفتەیە بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کردووه‌. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا زیاتر لە نۆ هەزار و 300 هاووڵاتیی کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندارن.