دۆخی غەززە، بلینکن و وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی کۆدەکاتەوە

ئەمڕۆ لوتکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی پێنج وڵاتی عەرەبی لە ئوردن بەڕێوەدەچێت. لە لوتکەکەدا راگەیاندنی ئاگربەست و گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە تاوتوێ دەکرێت.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 04-11-2023، لوتکەی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ پێنج لە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەڕێودەچێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لەوبارەوە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، لوتکەکە بە ئامادەبوونی نێردەی فەڵەستین و  وەزیرانی دەرەوەی هەر یەکە لە ئیمارات، سعوودیە، قەتەر، میسر و ئوردن لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێودەچێت.

بە گوێرەی راگەیەندراوکەی وەزارەتی دەرەوەی ئوردن، ئامانجی لوتکەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لەگەڵ ژمارەیەک وڵاتانی عەرەبی، “وەستاندنی هێرشی توندی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە و گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی زیاترە بۆ هاووڵاتییانی سڤیلی شارەکە”. هەروەها بڕیارە لە لوتکەکەدا باس لەو هەڕەشانە بکرێت کە رووبەڕووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوونەتەوە.

دوێنێ هەیینی، 03-11-2023، بۆ جاری سێیەم لە سەرەتای سەرهەڵدانی جەنگی نوێی نێوان حەماس و ئیسرائیل، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا گەیشتە ئیسرائیل. وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بلینکن لە سەردانەکەیدا “پرسی ئۆپەڕاسیۆنی وشکانی ئیسرائیل بۆسەر غەززە و رێکكارەکانی ئازادکردنی بارمتەکان” لەگەڵ بەرپرسانی تەلئەڤیڤ تاوتوێ دەکات.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئەمەریکی لەبارەی سەردانەکەی بلینکن بۆ ئیسرائیل بڵاویكردبووەوە، “وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ ئه‌وه‌ ده‌چێته‌ ئیسرائیل، تاوەكو ئاگربه‌ستی سه‌ربازی كورت مەودا لەنێوان حەماس و ئیسرائیل رابگه‌یه‌ندرێت، ئەمەش بەمەبەستی رزگارکردنی بارمته‌كان و گەیاندنی هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان بۆ غه‌ززه‌”.

29 رۆژە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە

بەرەبەیانی رۆژی 07-10-2023، سەدان چەکداری سەر بە باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی و چوونە نێو ناوچە سنوورییەکانی ئەو وڵاتە. هەر لەو رۆژەدا زیاتر لە پێنج هەزار مووشکیان لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل، لە ئەنجامی هێرشەکانی چەکدارانی حەماسدا، زیاتر لە 1400 هاووڵاتیی سڤیل و سەربازی ئەو وڵاتە لەلایەن حەماسەوە کوژراون. چەکدارانی حەماس هەر لەمیانی هێرشکەیاندا زیاتر لە 200 هاووڵاتیی ئیسرائیلییان وەکو بارمتە دەستگیرکردن.

دوای هێرشەکەی حەماس، سوپای ئیسرائیل بە فەرمانی ڕاستەوخۆی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ ماوەی زیاتر لە چوار هەفتەیە بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کردووه‌. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە غەززە، لە ئەنجامی بۆردوومانەکاندا زیاتر لە نۆ هەزار و 300 هاووڵاتیی کوژراون و هەزارانی دیکەش بریندارن.