هەدەپە بوو بە مێژوو؛ هەدەپ سەری هەڵدا

كارزان گلی – هه‌ولێر

پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، دوای ئەو فشارە زۆرەی خرایە سەری لە لایەن داواكاری گشتی توركیا و داواكردن بۆ داخستنی، گەیشتە ئەو بڕوایەی بەر لەوەی لە لوتكەدا پارتەكەیان دابخرێت، بۆ خۆیان هەدەپە بچووك بكەنەوە و ئیدی لەناو پارتێكی تردا سیاسەت بكەن، كە 30 ساڵ دەبێت، پارتە كوردییەكانی توركیا، بەو شێوەیە سیاسەت دەكەن. قورسایی هەدەپە، چووەتە ناو پارتی دیموكرات و یەكسانی گەلان HEDEP.

هەدەپە، گەیشتە ئەو بڕوایەی ناكرێت هەر چاوەڕێی دادگای دەستووری بكەن، بەوەی ئاخۆ هەدەپە دادەخات یان نا، چونكە بۆ باری دەروونی جەماوەرەكەیشیان زۆر خراپ بوو، تەنانەت كاریگەریی لەسەر پێگەی دەنگدەریشیان هەبوو، چونكە بەشێك لە لایەنگرانی هەدەپە، گەیشتبوونە ئەو بڕوایەی، بۆچی دەنگ بە هەدەپە بدەن، لە كاتێكدا دابخرێت.
بۆیە سەرەتا لەژێر ناوی پارتی چەپی سەوز، چوونە هەڵبژاردنی 14ی ئایار، پاشان لە كۆنگرەدا ناوی ئەو پارتەیان كردە HEDEP.
بەڵام ئەوەی گرنگە باس بكرێت، ئایە ئیدی پەرلەمانتارانی هەدەپە، دووچاری هیچ سەرئێشەیەك نابنەوە؟ ئایە ئەگەر هەدەپە بەبڕیاری دادگا دابخرێت، پەرلەمانتارانیان لەناو پەرلەمان و لەژێر ناوی HEDEP هیچ كێشەیەكیان دووچار نابێتەوە؟
ئەگەر سەیری دۆسیەی هەدەپە بكەین، كە لەلایەن داواكاری گشتی توركیاوە دراوەتە دادگای دەستووری توركیا و داوای داخستنی دەكەن، بۆمان روون دەبێتەوە، كە داواكردنەوە تەنیا داخستنی هەدەپە نییە، بەڵكوو لەپاڵ ئەو داوایە، داوایان كردووە قەدەغەی سیاسەت لە 500 كەسایەتیی سیاسی هەدەپە قەدەغە بكرێت، لەناویاندا سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوكسەكداغ، پەروین بوڵدان و دەیانی تر هەن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كە پارتێكی دژە كورد و نەژادپەرستە، بەئاشكرا گوتی، نابێ رێگە بدرێت هەدەپەییەكان لەناو پارتێكی تر خۆیان رێكبخەنەوە، ئەگەر وابێت كەواتە هیچمان نەكرد و تیرۆرست هەر لەناو پەرلەماندا بوونیان دەبێت.
پەیامەكەی روونە، دەیەوێت لەپاڵ داخستنی هەدەپە، قەدەغەی سیاسەتیش لە سیاسییەكانیان جێبەجێ بكرێت.
ئەگەر قەدەغەی سیاسەت لە هەدەپەییەكان بكرێت، كە ژمارەیان 500 سیاسییە، ئەوكات پەرلەمانتارەكانی ئێستای HEDEP، نیوەیان پەرلەمانتارییان هەڵدەوەشێتەوە، چونكە نیوەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئێستا، ناویان لەناو ئەو لیستەدا هەیە، كە داوا كراوە قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ بكرێت.
ئەوەی گرنگە و هەدەپە كاری لەسەر دەكات، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، رێككەوتنێك لەگەڵ ئاكەپەدا بكەن، بەوەی لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئەنتاڵیا، هەدەپە مەبەستم HEDEPە، بەربژێری هەبێت و پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەكات، لە بەرامبەردا ئاكەپەش بەڵێن بدات، قەدەغەی سیاسەت لەسەر ئەو 500 كەسایەتییەی هەدەپە جێبەجێ نەكرێت و هەروەها چەند شارەوانییان بردەوە، شارەوانییەكان قەیووم نەكرێت.
رەنگە جێبەجێكردنی قەدەغەی سیاسەت، كاریگەرییەكی یەكجار گەورە لەسەر دیموكراتییەتی توركیا دروست بكات و بەتەواوی لە ئەورووپا دووركەوێتەوە، چونكە ناكرێت 20 ملیۆن كورد لە توركیا بوونی هەبێت، كەچی رێگە لە كەسایەتییە سیاسییەكانیان بگرن سیاسەت بكەن، بەڵام پێشتر سیناریۆی لەو شێوەیە لە توركیا بوونی هەبووە، واتە بەر لە هاتنی ئاكەپە بۆ سەر دەسەڵات و لەساڵانی نەوەدەكاندا، دەیان پەرلەمانتاری كورد قەدەغەی سیاسەتیان لەسەر جێبەجێ كرا، نموونە ئۆرهان دۆغان، خەتیب دیجلە و لەیلا زانا.
بەپێویستی دەزانم لێرەوە هەڵەیەكی میدیاكان راست بكەمەوە، ئەویش ناوهێنانی هەدەپە بە هەڵەیی، چونكە HEDEP واتە پارتی دیموكراتی و یەكسانی گەلان، بەڵام هەدەپە، پارتی دیموكراتی گەلانە، بۆیە جیاوازییەكە روونە، بەڵام بەداخەوە چەند میدیایەك و رۆژنامەنووسێك، بە HEDEP دەڵێن هەدەپە، كە پێویستە راست بكرێتەوە.