دوای 100 ساڵ دەستوورێكی تازە بۆ توركیا دەنووسنەوە

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە 29_10_2023، كۆماری توركیا تەمەنی دەبێتە 100 ساڵان، واتە دوای ئەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی كۆتایی پێ هات و مستەفا كەمال ئەتاتورك، لە ڕێككەوتنی لۆزاندا بە سەركەوتوویی لێی هاتە درەوە و توانیی سنووری توركیا دیاری بكات و كۆمار دابمەزرێنێت، 100 ساڵە ئەو وڵاتە خاوەن سەروەریی خۆیەتی، ئەگەرچی بەشێكی پایەی ئەو وڵاتەی دروستیان كردووە، خاكی كوردە، بەڵام دانی پێدا نانێن.

لەوەتەی ئاكەپە هاتووەتە سەر دەسەڵات لە 2002، ململانێی نێوان ئەتاتوركچییەكان و ئەردۆغانییەكان دەستی پێكردووە، روونە ئەردۆغان دەیەوێت، لە بری ئەتاتورك خۆی ببێتە باوكی روحی نەتەوەی تورك، بۆیە ڕەخنە لە سیاسەتی ئەتاتورك دەگرێت و چەند جارێكیش گوتوویەتی، رێككەوتنی لۆزان بۆ توركیا سەركەوتن نەبووە، بەڵكو شكست بووە. ئەم گوتەیەی ئەردۆغان، تەنیا لێدان بوو لە ئەتاتورك، ویستی لە كەسایەتی كەم بكاتەوە.
ئەگەر سەیری دروشمی حكوومەتی ئێستای ئاكەپە بكەین، بۆمان ڕوون دەبێتەوە كە كۆماری توركیا، هیچ كاتێك خۆشگوزەرانی بۆ گەلی توركیا نەهێناوە، ئەوەتا ئاكەپە دەڵێت ”100 ساڵی تازەی توركیا“ واتە تەمەنی كۆماری توركیا 100 ساڵی تێپەڕاند، بۆیە دەبێت سیاسەت لەسەر 100 ساڵی تر بكەین و ئەوەی ڕۆیشت، گرنگ نەبووە بۆ توركیا.
ئەتاتورك دەڵێت ”چەند بەختەوەرە ئەو كەسەی دەڵێت من توركم“، بەڵام بەم دروشمە، ئەردۆغان دەیسەلمێنێت، كە لە 100 ساڵی ڕابردوودا، گەلی تورك دڵخۆش نەبووە، بۆیە داوا لە گەلی توركیا دەكات، متمانەی بدەنێ و 100 ساڵی تری نوێ بۆ توركیا بكاتە خۆشگوزەرانی.
با نموونەكە سادەتر بكەینەوە، تۆ لە ماڵی خۆت دانیشتوویت، گروپك دێت، ماڵەكەت لێ داگیر دەكات و تۆ و خێزانەكەت دەر دەكات و دەڵێت بڕۆ لە شوێنێكی تر بژی، ئەو خێزانەی لە ماڵەكەی تۆدا گوزەران دەكات و بە خاكی تۆ دەژیت و لەخێر و بێری خاكی تۆ دەبات، ئایە پێتوایە خۆشگوزەرانە یان هەر لە دڵەڕاوكێدا دەژیت و دەڵێت، رۆژێك دێت ئەو خاك و ماڵەم لێ وەربگیرێتەوە؟ چونكە هیچ خۆی نییە و مڵكی كەسانی ترە.
گەلی توركیاش بۆیە خۆشگوزەرانی بەخۆیانەوە نابینن، چونكە لەسەر خاكی كوردان وڵاتیان دامەزراندووە، ئەو خاكە خاكی ئەوان نییە و باشیش ئەوە دەزانن، بۆیە خۆشگوزەران نین و بەردەوام لەدڵەڕاوكێدان.
ئەردۆغان، دەیەوێت دەستوورێكی تازە بۆ توركیا بنووسێتەوە، ئەگەر كورد بخاتە دەرەوەی بازنە و دانی بە ماف و زمانەكەیدا نەنێت، ئەو 100 ساڵەی ئەویش داوای دەكات و بە 100 ساڵی نوێی توركیا ناوی دەبات، نەك خۆشگوزەرانی بۆ توركیا ناهێنێت، بەڵكو دەیباتە ناو كابووسێكی گەورەوە، چونكە قەرزی دەرەكی توركیا گەیشتووەتە 476ملیار دۆلار، ئەگەر پرسی كورد لە توركیا وا فەرامۆش بكرێت، كەواتە ڕەوشی وڵات ئارام نابێت، ئەمەش كاریگەریی لەسەر رەوشی ئابووری دەبێت و وەبەرهێنەری بیانی رووی تێ ناكات و باجی ئەو قەیرانەش هەر گەلی توركیا دەیدات.
ئیدی گەلی توركیا بەختەوەر نین كە توركن، چونكە پەیتا پەیتا ئەو توركەی شانازی بە توركبوونی خۆیەوە دەكات، وڵاتەكەی بەجێ دەهێڵێت و روو لە ئەورووپا دەكات و بەگوێرەی تازەترین زانیاریش، زۆرترین پەنابەری بیانی كە ڕووی لە ئەڵمانیا كردووە، پەنابەری توركن، كەواتە تورك، نەك بەختەوەر نەبووە، بەڵكوو دەڕوات بەدوای بەختەوەریدا دەگەڕێت.