هاكان فیدان: بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان ناكرێ خه‌ڵك تێوه‌بگلێنین

هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران و توركیا، داوایانكرد كۆنگره‌یه‌كی ناوچه‌یی تایبه‌ت به‌ دۆخی غه‌ززه‌ ببه‌سترێت. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا له‌مباره‌یه‌وه‌ رایگه‌یاند، “بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، ناكرێ خه‌ڵك تێوه‌بگلێنین”.

هاكان فیدان و حوسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و توركیا، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ له‌ میانه‌ی كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانی ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌1ـی تشرینی دووه‌می 2023) جه‌ختیان له‌ به‌ستنی كۆنگره‌یه‌كی ناوچه‌یی له‌باره‌ی غه‌ززه‌ كرده‌وه‌.

عه‌بدوڵڵاهیان له‌ میانه‌ی كۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ رایگه‌یاند، نامانه‌وێ دۆخه‌ مرۆییه‌كه‌ی غه‌ززه‌، وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ش بگرێته‌وه‌.

داواشیكرد، به‌ زووترین كات كۆنگره‌یه‌ك له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ له‌باره‌ی غه‌ززه‌وه‌ ببه‌سترێت.

هۆشداریشیدا، له‌وه‌ی “دۆخه‌كه‌كه‌ به‌ره‌و چاره‌نووسێكی ره‌ش ده‌چێت”.

له‌ لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، ئه‌گه‌ر جیهانێكی دادپه‌روه‌رمان بوێت، پێویسته‌ به‌ شێوه‌یه‌كی هاوسه‌نگ و هه‌ماهه‌نگ هه‌نگاو بنێین.

فیدان هه‌روه‌ها گوتی: “ناكرێ ئۆكرانیا به‌شێوه‌یه‌ك و فه‌ڵه‌ستینیش به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ پێوانه‌ بكرێت”.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، “نامانه‌وێت جه‌نگه‌كه‌ بۆ وڵاتانی دیكه‌ بگوازرێته‌وه‌”.

دواشی له‌ له‌لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان كرد، پشتگیری ئاشتی بكه‌ن.

گوتیشی: “به‌و پێوه‌ره‌ی كه‌ ئێمه‌ لایه‌نی كاریگه‌ری ناوچه‌كه‌ین، ناكرێ بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، خه‌ڵك تێوه‌بگلێنین”.