هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەستی بەسەر فڕۆکەخانەی رۆژئاوای خەرتوم دا گرت

هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، لەدوای شەڕو پێکدادانێکی سەخت لەگەڵ سوپای سوودان، توانیوویانە دەست بەسەر فڕۆکەخانەی رۆژئاوای پایتەختدا بگرن، هەروەها کرێکارانی کێڵگەی نەوتیش بەهۆی هێرشەکەوە شوێنی کارەکەیان بە جێهێشتووە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا رایگەیاند، دەستیان بەسەر فڕۆکەخانەیەکی رۆژئاوای خەرتوم دا گرتووە، کرێکارانی کێڵگەیەکی نەوتیش رایانگەیاند، بەهۆی هێرشەکەوە شوێنەکەیان بەجێهێشتووە، ئەمەش لەکاتێکدایە هەردوولا گفتوگۆکانیان لە سعوودیە دەستپێکردووەتەوە بۆ ئاگربەست.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا بڵاویانکردەوە، سوپای سوودان فڕۆکەخانەی بلیلە لە ویلایەتی کۆردۆفانی رۆژئاوا بۆ فڕینی فڕۆکەی جەنگی بەکاردەهێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کرێکارانی کێڵگەی بلیلە کە رۆژانە لە 10 بۆ 12 هەزار بەرمیل نەوتی تێدا بەرهەم دەهێنرێت رایانگەیاند، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، بەهۆی شەڕەکانەوە شوێنەکەیان چۆڵکردووە.

هێزەکانی پشتیوانی خێرا دڵنیایی دا کە رێگە بە فڕۆکەخانە و کێڵگە نەوتییەکان دەدەن بەردەوام بن لە کارکردن.

هەروەها لە چەند رۆژی رابردوودا شەڕ لە نێوان هەردوولا لە شارەکانی ئەلعوبێد و ئەلفاشر لە رۆژئاوای سوودان رووی داوە، رۆژی یەکشەممەش دانوستانەکان بە نێوەندگیری سعوودیە و ئەمەریکا لە شاری جددە دەستی پێکردەوە، بە ئامانجی گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی.

لە 15 نیسانی 2023، شەڕ و ململانێ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا، کە تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە، بەهۆیەوە بە دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە پێنج ملیۆن کەسیش ئاوەرەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون.

لەلایەکی دیکەوە، سندوقی منداڵان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، نزیکەی سێ ملیۆن منداڵی سوودانی بەناچاری هەڵاتوون.