ئەمەریکا فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل پێداچوونەوە بە پلانی هێرشکردنی زەمینی بکات

سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمەریکا ئاشکرایان کرد، ئیدارەی جۆ بایدن فشار دەخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی بیر لە پلانەکانی بکاتەوە سەبارەت بە دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە، داوای کردووە لە بری ئەوە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت بە بەکارهێنانی فڕۆکە و هێزی ئۆپەراسیۆنی تایبەت، بۆ سەر حەماس ئەنجامبدات.

ئەو بەرپرسانە بە مەرجی ئەوەی ناویان نەهێنرێت قسەیان کردووە و رایانگەیاند، بەرپرسانی ئیدارەی جۆ بایدن، زۆر نیگەرانە سەبارەت بە هێرشی زەمینی بۆ سەر کەرتی غەززە، دەشڵێن، تادێت گومانییان هەیە لەوەی ئایا ئیسرائیل ئامانجەکانی بەدەست دەهێنێت.

بەپێی هەواڵێکی “واشنتۆن پۆست” یەکێک لە بەرپرسەکان ئاماژەی کردووە: نیگەرانن لەوەی کە ئەم هێرشە رەنگە رێگری لە دانوستانەکان بکات، سەبارەت بە ئازادکردنی نزیکەی 200 بارمتە، کە لای حەماسەوە دەستبەسەرن، بەتایبەتی کە دیپلۆماتکاران پێیان وایە لە چەند رۆژی رابردوودا پێشکەوتنی بەرچاویان بەدەستهێناوە بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک لەو بارمتانە.

بەرپرسە ئەمەریکییەکان دەڵێن، ئیدارەی بایدن نیگەرانە لەوەی کە هێرشە زەمینیەکە، زیانی زۆر بە خەڵکی مەدەنی فەڵەستینی دەگەیەنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پەرەسەندنی بەرچاوی شەڕ و پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.

ئەمە لە کاتێکدایە زۆرێک لە ئیسرائیلییەکان لە هێرشەکانی حەماس توڕە و دڵتەنگن، فشارێکی بەرچاوی گشتی لەسەر بەرپرسانی ئیسرائیل دروست بووە، بۆ دەستپێکردنی هێرشی زەمینی فراوان بۆ سەر کەرتی غەززە.

کاربەدەستانی ئیسرائیل رۆژی هەینی رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیان فراوانتر کردووە، بەڵام مەودای ئەو فراوانکردنە روون نییە، بەمەش بە ئاشکرا جۆ بایدن و بەرپرسە باڵاکانی ئاماژەیان بە پشتگیری خۆیان بۆ هێرشی زەمینی پلان بۆ داڕێژراو کردەوە.

سەرەڕای هۆشدارییەکانی خۆیان، بەرپرسانی ئەمەریکا متمانەیەکی کەمیان بەوە هەیە، کە ئیسرائیل پاشەکشە لە بکات لە بڕیاری هێرشی زەمینی، هەرچەندە ئەمەریکا وەک گەورەترین پاڵپشتی سەربازی و سیاسی و ئابووری ئیسرائیل دەردەکەوێت، هەروەها هەڕەشەی کشانەوەی پشتیوانییەکانیان لە ئیسرائیل نەکردووە لە ئەگەری جێ بەجێکردنی پلانەکانی خۆی.

شەڕی غەززە لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی “زریانی ئەقسا” لە 7ـی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە، پێی ناوەتە 23هەمین رۆژی خۆی، لەکاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە لە رێگەی وشکانی و دەریایی و ئاسمانییەوە، کە بەهۆیەوە هەزاران کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.

ژمارەی کوژراوانی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، گەیشتە زیاتر لە حەوت هەزار و 800 کوژراو و 20 هەزار بریندار، ئەمە جگە لەوەی نزیکەی دوو هەزار کەس لە ژێر داروپەردوودا بێسەروشوێن بوون.

تا ئێستا لە ئیسرائیل زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژراون کە 310 کەسیان سەرباز بووە، حەماسیش زیاتر لە 222 ئیسرائیلی بە دیل گرتووە.