ماكوان عيززهت-هەولێر
ناوەڕاستی هەموو مانگێكی ئۆكتۆبەر بە ڕۆژی جیهانی دەستشۆردن دەسنیشان كراوە؛ ئەم ڕۆژە ڕۆژێکی جیهانییە کە تایبەتە بە زیادکردنی هۆشیاری و تێگەیشتن لە گرنگیی دەستشۆردن بە سابوون وەک ڕێگەیەکی کاریگەر و هەرزان بۆ خۆپاراستن لە نەخۆشی و ڕزگارکردنی ژیان.
ڕۆژی جیهانیی دەستشۆردن دەرفەتێکە بۆ بەبیرهێنانەوە و هاندانی خەڵک بۆ شۆردنی دەستوپل بە سابوون لە کاتە گرنگەکاندا.
ئەم بیرهێنانەوەیە هەلێكی باش دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بیرمان بخاتەوە كە گرنگیەکی زیاتر بدرێت بە پاکوخاوێنڕاگرتنی دەستوپل؛ کە بۆ تەندروستی و سەلامەتی زەروورە، ئەو وانانەی لە ساڵی ڕابردوو بینیمان بایەخ و گرنگیی دەستشۆردنی بۆمان ڕوونتر كردەوە كە چەندە گرنگە.
ئامانجی ڕۆژی جیهانیی دەستشۆردن بیرخستنەوەی خەڵکە لە سەرانسەری جیهان لە پێویستیی پابەندی بە پاکوخاوێنڕاگرتنی دەست لە دامەزراوەکانی چاودێریی تەندروستی و ئەوانی تر؛ هەروەها درککردنە بەوەی کە دەست شۆردن، ڕێوشوێنێکی هەرە کاریگەرە کە دەتوانین بگرینە بەر بۆ کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكان و، ڕێگری لە تووشبوون بە نەخۆشی، لەوانەش نەخۆشینی ئەنفلۆنزای وەرزی، نەخۆشینی سكچوون و كۆلێرا.
پزیشكان بە پێویستی دەزانن لەم بۆنەیەدا كاری زیاتر بكرێت بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە گرنگیی شۆردنی دەستوپل و خۆپاراستن لە نەخۆشینی گوازراوە و بڵاوبوونەوەی هەوکردن، هەربۆیە بە پێویستی دەزانن كە گرنگە خەڵك پاکوخاوێنڕاگرتنی دەستوپلیان بکەنە خوویەکی بەردەوامی كاروباری ڕۆژانەیان.
زۆرجار مرۆڤ هەر لە خۆیەوە دەست لە لووت و دەم و چاویان دەدەن بەبێ ئەوەی ئاگادار بن کە دەستی پیس ئەگەری تووشبوونیان بە هەوكردن زیاد دەكات. جەختیش دەكەنەوە كە پاککردنەوە پاککردن (تەعقیمکردن)ـی دەستوپل نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەناسە وەکو هەڵامەت بە ڕێژەی ١٦-٢١% کەم دەکاتەوە؛ شۆردنی دەست بە سابوون دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕێژەی هەوکردنی گەدە و ڕیخۆڵە بە ڕێژەی 23-40.% کەمکردنەوەی هەوکردنی ڕیخۆڵە لە نێوان نەخۆشانی کەمبەرگە بۆ 58%.