سوید ئەوەندەی نەماوە ببێتە ئەندامی ناتۆ

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئاخری ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، پڕۆتۆكۆڵی ئەندامبوونی سویدی لە ناتۆ ئیمزا كرد و رەوانەی پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد، بەمەش تۆپەكەی خستە ساحەی پەرلەمان و ئیدی سوید چاوی لە پەرلەمانی توركیایە. سەرۆكوەزیرانی سویدیش، هەرزوو لە هەژماری خۆی لە تویتەر، سوپاسی ئەردۆغانی كرد.

نزیكەی ساڵێك دەبێت، سوید داوای كردووە ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام توركیا و هەنگاریا، ئەو داوایەی سویدیان رەتكردەوە، ئەم رەتكردنەوەیە ئەمریكا و یەكێتی ئەورووپای توڕە كردبوو، چونكە لەبەر غەزەبی رووسیا، داكۆكی دەكەن لەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.
ئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە ناتۆ، دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان رووسیا و ئۆكراینا هاتووەتە گۆڕێ؛ ئەو دوو وڵاتە ترسیان لێ نیشت بەوەی، دوای ئۆكراینا، ئیدی رووسیا پەلاماری ئەوانیش دەدات، بۆیە بەپەلە داوایان كرد ببنە ئەندام لە ناتۆ.
ئەردۆغان، ماوەی یەك ساڵ دەبێت سوید دێنێت و دەبات، دەڵێت تاوەكو مەرجەكانی توركیا جێبەجێ نەكەیت، دەبێت خەون بەئەندامبوونی ناتۆوە ببینیت. توركیا داوای كردبوو، سوید 63 ئەندامی پەكەكە رادەست بكاتەوە، كە لە سوید دەژین، هەروەها داوای كردبوو، هەموو چالاكییەكی پەكەكە لەو وڵاتە قەدەغە بكەن.
بەڵام ئەردۆغان، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام رەخنە لە سوید دەگرێت بەوەی خاوەن بەڵێنی خۆی نەبووە و ئەو لیستەی داوای كردبوو بۆ رادەستكردنی لایەنگرانی پەكەكە، تاوەكو ئێستا رادەستی نەكردووە، كەچی ئیمزای لەسەر پڕۆتۆكۆڵی ئەندامبوونی سوید كرد و رەوانەی پەرلەمانی وڵاتەكەی كرد و ئیدی شەڕەكە دەچێتە پەرلەمان.
لەناو پەرلەمانی توركیا، رەنگە ئاسانتر بێت سوید خەونی بوون بەئەندامبوونی لە ناتۆ بێتە دی، چونكە بەشێكی زۆری ئۆپۆزسیۆنی توركیا، لەگەڵ ئەوەدان سوید ببێتە ئەندام.
جیا لە ئاكەپە، هەریەك لە جەهەپە و پارتی دەوا و ئاییندە و مەهەپە، لەگەڵ ئەوەدان سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، بۆیە بە كۆی دەنگی ئەو پەرلەمانتارانە ئەگەر زۆرە سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.
بەڵام HEDEP، كە خاوەنی 62 كورسی پەرلەمانە، رەنگە دەنگ بە ئەندامبوونی سوید نەدات، هۆكارەكەشی روونە، ئەوانە پێیان وایە پەكەكە دەبێتە قوربانی و ئیدی سوید لایەنگرانی پەكەكە رادەستی توركیا دەكاتەوە، هەروەها چالاكییەكانی پەكەكە، لە سوید قەدەغە دەكەن، چالاكییەكانیش خۆپیشاندان و گردبوونەوە و كردنەوەی چەندین رێكخراوە كە سەر بە پەكەكەن و بەئاشكرا دژایەتیی توركیا دەكەن.
تاوەكوو ئێستا، هیچ لێدوانێكی فەرمی HEDEP لەو ڕووەوە رانەگەیەندراوە، بەڵام ئەگەرەكان بۆ ئەوەن، كە دەنگ بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ نەدەن.
جیا لە توركیا، هەنگاریاش تاوەكوو ئێستا لەناو پەرلەمان دەنگی بە ئەندامبوونی سوید نەداوە و حكوومەتی ئەو وڵاتە بە فەرمی رایگەیاند، چاوەڕێی توركیا دەكەن، ئەگەر توركیا دەنگی بەبەڵی بۆ ئەندامبوونی سوید بدات، ئەوانیش دەنگی بۆ دەدەن، بەمەش سوید، دەبێتە ئەندامی ناتۆ و پێشتریش فینلەندا، بەفەرمی بووە ئەندامی ناتۆ، دوای ئەوەی توركیا و هەنگاریا دەنگیان بە ئەندامبوونی ئەو وڵاتە دا.