ئیسرائیل رۆژانە 246 ملیۆن دۆلار خەرج دەکات

لە راپۆرتێکدا کە رۆژی چوارشەممە، لە لایەن کۆنگرەی بازرگانی و گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، کەرتی غەززە پێویستی بە ملیارەها دۆلار هاوکاری ئابووری نێودەوڵەتی هەیە، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو گەماریەی کە چەند ساڵە خراوەتە سەر شارەکە، کە بەهۆی ئەو گەمارۆییانە رێگری لە ئابووری و گەشەسەندنی ئەو کەرتە کراوە.

راپۆرتەکە پێی وایە، 16 ساڵە گەشەسەندن لە کەرتی غەززە پاشەکشە دەکات”، ئاژانسی فرانس پرێسیش دەڵێت: “کاریگەرییە ئابوورییەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس ئەستەمە دیاری بکرێت”.

ریچارد رایت، بەڕێوەبەری بەشی جیهانگیری و ستراتیژییەکانی گەشەپێدان لە “ئۆنکتاد”، لە ژنێڤ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، ئەستەمە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە بکرێت کە کەرتی غەززە چەندی پێویستە، بۆ ئەوەی ململانێکانی ئێستا بوەستێت، دەشڵێت: بەهای ملیارەها دۆلار دەبێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: “لایەنە بەخشەرەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێویستیان بە هاوکارییەکی بەرچاوی ئابووری هەیە بۆ چاککردنەوەی زیانە زۆرەکانی کەرتی غەززە، کە بەهۆی گەمارۆی درێژخایەن و دووبارەبوونەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، ئابووریی وڵاتەکە خنکاوە و ژێرخانی غەززە تێکچووە”.

راپۆرتەکە ئەوەشی خستۆتەڕوو، سەرەڕای گرنگی هاوکاریی بەخشەران بۆ دانیشتوانی غەززە، نابێت بە جیگرەوەیەک هەژمار بکرێت بۆ کۆتاییهێنان بە گەمارۆدانەکان، هەروەها داوا لە ئیسرائیل و هەموو لایەنەکان دەکرێت، کە بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەستۆ بگرن.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نزیکەی نیوەی دانیشتوانی کەرتی غەززە بێکارن، هەروەها زیاتر لە نیوەیان لە هەژاریدا دەژین، هەرچەندە لەچەند ساڵی رابردوو، کرێکارانی کەرتی غەززە بۆ یەکەمجار رێگەیان پێدرا بچنە بازاڕی کار لە ئیسرائیل.

لەهەمان کاتدا، وەزیری دارایی ئیسرائیل، بێزالیل سمۆتریچ، رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، بودجەی ساڵی 2023-2024 بەهۆی شەڕی غەززەوە گونجاو نییە و هەموار دەکرێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی تێچووی راستەوخۆی شەڕەکە، بە یەک ملیار شیکل دەخەمڵێنرێت کە دەکاتە 246 ملیۆن دۆلار بۆ رۆژێک.

وەزیرەکە بە رادیۆی سوپای ئیسرائیلی راگەیاند، هێشتا تێچووی ناڕاستەوخۆی لەسەر ئابووری هەڵنەسەنگاندووە، کە بەهۆی کۆکردنەوەی سەربازانی یەدەگ و چڕبوونەوەی هێرشە مووشەکییەکانی فەلەستین چووەتە حاڵەتی ئیفلیجییەوە.

گوتیشی: سەرەڕای قەیرانەکە پێشبینی ناکات کورتهێنانێکی گەورە لە ئیسرائیل رووبدات، پامیر یارۆن، پارێزگاری بانکی ناوەندی ئیسرائیلیش رایگەیاند، ” ئەو هیچ هەوڵێک لە کارەکەیدا ناهێڵێتەوە”.

بڕیار بوو یارۆن دەست لەکار بکێشێتەوە، بەڵام بەهۆی قەیرانەکەوە ماوەی کارکردنی درێژکردەوە، بەڵام سمۆتریچ باسی لەوە نەکرد ئایا یارۆن بە فەرمی لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە یان نا، گوتی: “کاتی هەناسەدان نییە، بۆیە ئێمە ئێستا مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسیارە ناکەین”.