ئیسڕائیل سزای به‌سه‌ر ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان سه‌پاندووه‌

ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسڕائیل سزایان به‌سه‌ر ڕێكخراوه‌كه‌یاندا سه‌پاندووه‌ به‌هۆی لێدوانه‌كانی دوێنێ سێشه‌می ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی ڕێكخراوه‌كه‌.

نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسڕائیل ڕێگه‌پێدانی چوونی فه‌رمانبه‌رانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كانی ڕاگرتووه‌، ئه‌مه‌ش سزایه‌كه‌ به‌سه‌ر ڕێكخراوه‌كه‌ی سه‌پاندوویانه‌‌ به‌هۆی لێدوانه‌كانی دوێنێ سێشه‌می سكرتێری گشتی ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێش سه‌باره‌ت به‌ هێرش و بۆردومانه‌كانی سوپای ئیسڕائیل بۆ سه‌ر غه‌ززه‌.

ڕاشیگه‌یاند: ئه‌مڕۆ چوارشه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانی ئیسڕائیل ڕێگه‌یان له‌ مارتن گریفیت به‌ڕێوه‌به‌ری شاندی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان گرتووه‌ بچێته‌ ئیسڕائیل تا ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ر و ئاڵۆزه‌كان به‌سه‌ر بكاته‌وه‌.

ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێش سكرتێری گشتی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دوێنێ سێشه‌م له‌ گوتارێكدا له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گوتبووی كه‌ ئۆپه‌ڕاسیۆنه‌كانی 7ی ئۆكتۆبه‌ری بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس به‌بێ هۆكار نه‌بووه‌، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ڕێگری له‌ مافی فه‌ڵه‌ستینییه‌كان و ئه‌نجامدانی تاوان به‌رامبه‌ریان له‌لایه‌ن ئیسڕائیله‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ماوه‌ی دوو هه‌فته‌یه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ئاگربه‌ست له‌نێوان سوپای ئیسڕائیل و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی فه‌ڵه‌ستین ڕابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام تا ئێستا نه‌یتوانیوه‌ ئامانجه‌كه‌ بپێكێ و شه‌ڕ و تۆپبارانه‌كانیش به‌رده‌وامیان هه‌یه‌