فەرەنسا دەرگا بەرووی سوودانییەکانی دارفۆڕ دەکاتەوە

دادگایەکی تایبەتمەندی فەرەنسا رایگەیاند، ویلایەتی باشووری دارفۆر لەسوودان، رووبەڕووی دۆخێکی توندوتیژی سەخت بووەتەوە، کە رێگا بۆ پاراستنی منداڵەکانی ئەو ناوچەیە دەکاتەوە بە پێدانی مافی پەنابەری لە فەرەنسا.

دادگای نیشتمانی بۆ مافی پەنابەری رۆژی دووشەممە بڕیارێکی لە بەرژەوەندی هاووڵاتییەکی ویلایەتی دارفۆری باشوور داوە کە شایەتحاڵی شەڕە بەردەوامەکانی ئەو ناوچانەیە، ئەم جۆرە بڕیارەی دادگای نیشتمانی مافی پەنابەری، بڕیار لەسەر تانەدان لە داواکاری پەنابەری دەدات، هەروەها پێشینەیەک بۆ هەموو دۆسیە هاوشێوەکانیش لە فەرەنسا دادەنێت.

دادگای نیشتمانی پەنابەری، “سوودی پاراستنی یارمەتیدەری بە یاسای ئەوروپا” بەخشی بە داواکارەکە و رایگەیاند، “ئەگەر ئەو کەسە بگەڕێتەوە بۆ زێدی خۆی، تەنها وەک هاووڵاتییەکی مەدەنی، ئەوا رووبەڕووی مەترسییەکی راستەقینە دەبێتەوە، کە مەترسییەکی جددی لەسەر ژیانی دەبێت، بەبێ ئەوەی بتوانێت پارێزگاریی لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەوە بەدەستبهێنێت”.

دادگاکە مەزەندەی کردووە ، کە “ئەم هەڕەشەیە لە ئەنجامی ئەو توندوتیژییەیە کە لە دەرئەنجامی شەڕێکی چەکداری ناوخۆییەوە سەری هەڵداوە، کە مەترسییەکە بەبێ جیاوازی هاوڵاتیانی مەدەنی دەگرێتەوە”.

ئاماژە بەوەشکراوە، تا ئەو کاتەی ئەم دۆخە دەگۆڕێت، بڕیارەکە رێگە بە پاراستنی ئەو کەسانە دەدات کە لە دارفۆری باشوورەوە دێن بۆ فەرەنسا، بەمەش لە ساڵی 2022دا هەزار و 947 سوودانی داوای مافی پەنابەرییان لەفەرەنسا کردووە.

بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی “ئۆفبرا” (نووسینگەی پاراستنی پەنابەران و بێ ناسنامەکان لە فەرەنسا) لە قۆناغی یەکەمدا بڕیار لەسەر ئەم حاڵەتانە دەدات.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە 9ـی ئۆکتۆبەرەوە تا 15ـی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ، سوودانییەکان زۆرترین داواکارییان بۆ مانەوە لە پاریس و ناوچەکە پیشکەشکردووە، بە رێژەی لەسەدا 15.5،  لە ساڵانی رابردوودا هاووڵاتیانی ئەفغانی و بەنگلادیشی لە پێشەنگی پێشکەشکردنی ئەم داواکاریانە بوون.

لە 15ـی نیساندا شەڕ و ململانێ لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەری هەڵدا، کە ئەم شەڕە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە نۆ هەزار کەس و ئاوارەبوونی پێنج ملیۆن و 600 هەزار کەسی دیکە لەناوخۆ و دەرەوە.