لە سەرەتای شەڕی سوودان دا زیاتر لە 700 کەس بێسەروشوێنکراون  

گروپی سوودانی بۆ قوربانیانی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ رایگەیاند، “لە ماوەی شەش مانگی شەڕی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، 715 هاووڵاتی مەدەنی لە شارەکانی سوودان بێسەروشوێنکراون”.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەو گروپە کە رۆژی یەکشەممە بڵاویکردۆتەوە و رایگەیاندووە، سەرژمێری کردنی بێسەروشوێنانی زۆرە ملێ لە ماوەی 15ـی نیسان تا 15ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ هەژمارکراوە و چەند شارێکی سوودانی لەخۆ گرتووە، ئەویش، خەرتوم، ئومدرمان، خەرتوم بەحری، کۆردۆڤان، نیالا، ئەلفاشر، ئەلجێنینا و زەنگیی.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، “666 پیاو بێسەروشوێنکراون، کە 650 یان پێگەیشتوون، 16 کەسیان کەم تەمەنن، هەروەها 49 ئافرەتیش لەنێو بێشەروشوێنەکاندان کە 47 یان پێگەیشتوون و دوو ئافرەتی کەم تەمنیشی تێدایە”.

لە راپۆرتەکەدا پشتڕاستکراوەتەوە، کە “لە 15ـی نیسانەوە 18 منداڵ دیارنەماون، ئەوەش بە پێشێلکردنی چەند بڕگەیەکی رێککەوتننامەی منداڵان دادەنرێت.

هەروەها لە ماوەی شەش مانگی رابردووشدا، لە مانگی ئایاردا زۆرترین حاڵەتی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ تۆمارکراوە، کە 141 حاڵەتی بێسەروشوێن هەبووە، هاوکات لە شاری خەرتوم 309 حاڵەتی  بێسەروشوێنکردن تۆمارکراوە، دواتر ئومدرمان دێت بە 156 حاڵەت و خەرتوم بەحری ، بە 130 حاڵەتی بێسەروشوێنکردن دێت.

لە 15ـی نیسانەوە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا، کە تاوەکو ئێستا بەدەیان هەزار کەس کوژراو و بریندار بوون، هەروەها زیاتر لە چوار ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.