هێڵی ئاسمانی میدڵ ئیست بەهۆی بیمەوە فڕۆکەکانی دەگوازێتەوە دەرەوەی لوبنان

کۆمپانیای هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لوبنان (میدڵ ئیست) بڕیاریدا 10 فڕۆکەی خۆی بۆ وڵاتانی دراوسێ بگوازێتەوە، کە زۆربەیان دەبرێنە قوبرس، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی هەندێک فڕۆکە بۆ عەممان و دەوحە، هەروەها مانەوەی حەفت فڕۆکەی دیکە لە فڕۆکەخانەی بەیروت بۆ گەشتەکان.

کۆمپانیاکانی بیمە هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ئاگادارکردەوە، بەهۆی رووداوە ئەمنییەکانی ئەو ماوەیە، رێژەی بیمە بۆ فڕۆکەکان کەم دەکەنەوە لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێک.

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، محەمەد ئەلحوت، لە هەڤپەیڤینێکدا گوتی: “هیچ زانیارییەکمان نییە سەبارەت بەئامانجگرتنی فڕۆکەخانەی لوبنان، هەموو ئەو داتایانەی کە دەستمان کەوتووە، ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە گرژییەکان لە باشووری لوبنان زیادی کردووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “دوێنێ ئاماژەیەکمان پێگەیشت بۆ هەڵوەشاندنەوەی بیمە، کە لە رۆژی یەکشەممەوە کاری پێدەکرێت، هەروەها کۆمپانیاکانی بیمەش رێگەیان پێداین گەشتەکان ئەنجام بدەین بەو شێوەیەی کە بیمە بە رێژەی لە 80% بۆ فڕۆکەکان کەمکراوەتەوە”.

دەشڵێت: “دڵنیام کە هیچ زانیارییەکی ئەمنی نییە، کە ئاماژە بە لێدانی فڕۆکەخانە یان لوبنان بکات، هەروەها زیاتر لە نیوەی گەشتەکانی کۆمپانیاکە هەڵدەوەشێنینەوە، بەڵام کارە لەپێشینەکانمان دڵنیابوونە لە بەردەوامیی پەیوەندییەکانی نێوان لوبنان و وڵاتانی دەرەوە”.

سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی لەوەشکرد، “لە ساڵی 2006 فڕۆکەخانەکە بۆردومان کرا و شەش فڕۆکە لە لوبنان گیریان خواردبوو، توانیمان پەیوەندی بە ئیسرائیلییەکانەوە بکەین تا کاتمان پێبدات بۆ گواستنەوەی فڕۆکەکان، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە جیاوازە و پەیوەندی بە بیمەوە هەیە، ئێمەش بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ فڕۆکەکانی هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش  ئاماژە بەوە دەکات کە کارەکانی، هێڵی ئاسمانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە فڕۆکەخانە راناگیرێت”.