ژمارەی کوژراوانی شەڕی حەماس و ئیسرائیل لە 2600 کەس نزیکبووەتەوە

شەش ڕۆژە شەڕ، مووشەکباران و بۆردوومان لەنێوان چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە. ژمارەی کوژراوانی هەردوولا نزیکبووەتەوە لە دوو هەزار و 600 کەس، ناتانیاهۆش بە پێکهێنانی حکومەتی ئیدارەدانی جەنگ، دەیەوێت هەڵوێستی ئیسرائیلییەکان یەکبخات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی ئۆکتۆبەری 2023، وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین نوێترین ئاماری قوربانیانی کەرتی غەززەی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لەوە دەکات، ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە کوژراون، هەزار و 200 کەسی تێپەڕاندووە، ژمارەی بریندارانیش نزیکبووەتەوە لە شەش هەزار کەس.

هاوکات بەها تەباسی، پەیامنێری کوردستان 24 لە کەرتی غەززە رایگەیاند، دۆخی نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە زۆر خراپە و بەهۆی نەبوونی پێداویستی پزیشکییەوە ناتوانن پێشوازی لەو ژمارە زۆرە بریندارە بکەن، ئەوە لەگەڵ هەبوونی گەمارۆی توند لەسەر شارەکە و نەبوونی بەردەوامی ئاو و کارەبا.

هاوکات کەتیبەکانی عیزەدین قسەمی سەر بە بزووتنەوەی حەماس ئاماژەیان بەوەدا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە هەریەک لە شارەکانی تەلئەڤیڤ، عەسقەلان و سیدۆرتییان بەمووشەک بۆردوومانکردووە.

لەبەرامبەردا، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لەسەرەتای هێرشەکانی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە بۆسەر وڵاتەکەیان، زیاتر لە هەزار و 300 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە لەنێویاندا نزیکەی 200 سەرباز هەن. هاوکات سوپای ئیسرائیل ناردنی هێزی زیادەی بۆ باکووری وڵاتەکەی لەسەر سنوورەکانی لوبنان راگەیاند.

لەلایەکی دیکەوە و لەهەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکخستنی ئیسرائیلییەکان دژی هێرشەکانی حەماس؛ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەهاوبەشی بێنی گانتز، وەزیری بەرگری پێشوو و یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئێستا، کابینەی حکومەتی ئیدارەدانی جەنگیان لە ئیسرائیل راگەیاند و، داواشیان لە یائیر لاپید، سەرکردەی دیاری ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل کرد بێتە پاڵیان.

لەسەر ئاستی نێودوڵەتیش کاردانەوەکان لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل بەردەوامن. نەتەوەیەکگرتووەکان داوای کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆی بەپەلە بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات. خاچی سووری نێودەوڵەتیش ئامادەی خۆی نیشانداوە بۆ نێوەندگیری لەنێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕپێکردنی دیلەکان.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیارە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی هەینی دانیشتنێکی تایبەت بە شەڕی نێوان چەکدارانی سەر بە بزووتنەوەی حەماس و سوپای ئیسرائیل ئەنجامبدات.