هاوپەیمانی ناتۆ لەسەر هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزیرانی بەرگری ناتۆ لە برۆکسل کۆدەبنەوە، کۆبوونەوەکە ماوەی دوو رۆژ دەخایەنێت و تاوتوێی هاوکارییکردنی زیاتر بۆ کیێڤ دەکەن، هەروەها تاوتوێ دۆخی ئەمنی و ئەو توندوتیژییەی ئێستا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سەری هەڵداوە دەکەن.

بڕیارە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، روستەم ئەمیرۆڤ، وەزیری بەرگری ئۆکرانیا بەشداری لە کۆبوونەوەی ناتۆ بکات، کە بڕیارە هاوتاکانی ناتۆ لەبارەی ئەولەویەتەکانی کیێڤەوە ئاگادار بکاتەوە.

پێش دانیشتنەکە کۆبوونەوەی گروپی پەیوەندی بەرگری ئۆکرانیا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت، کە نزیکەی 50 وڵاتی جیهان لەخۆدەگرێت، کە گرنگی بە پشتیوانی کردنی کیێڤ دەدەن لە شەڕی دژی رووسیا.

سبەی پێنجشەممە، وەزیرەکان بڕیارە دەرئەنجامەکانی شەڕی مۆسکۆ لەسەر هاوپەیمانی بەرگری رۆژئاوا تاوتوێ بکەن، وەک دووبارە بەهێزکردنەوەی توانا بەرگرییەکانیان.

هەروەها بڕیاریشە وەزیرانی بەرگری لە هاوپەیمانی ناتۆ گفتوگۆ لەسەر هاوپەیمانییەتی کۆسۆڤۆ بکەن، کە لەم دواییانەدا هێزەکانی ناتۆ زیادی کردووە، ئەمەش دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان کۆسۆڤۆ، سربیا و عێراق.

هەروەها ئەم کۆبوونەوە دوو رۆژەیە دەبێتە بیرهێنانەوەی ململانێی گەرمی ناو هاوپەیمانییەکە، چونکە تورکیا و هەنگاریا سەرەڕای بەڵێنەکانیان هێشتا رێگە بە سوید نادەن پەیوەندی بە هاوپەیمانییەکەوە بکات.

رەنگە پێشهاتەکانی ناوچەکە ئامانجی سەرەکی کۆبوونەوەکە بێت، ئەوەش دوای ئەوەی بزووتنەوەی حەماس هێرشێکی لەناکاوی کردە سەر ئیسرائیل، دواتر هێرشی ئاسمانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کرایە سەر کەرتی غەززە، کە لە ئەنجامدا سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

سەرهەڵدانی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، دۆخێکی نادڵنیایی سیاسی لە واشنتن دروستکردووە، بەوەی ئەمەریکای نیگەران کردووە، لەبارەی هاوکارییە سەربازییەکانی کیێڤ لە داهاتوودا.