لە توركیا زەنگی مەترسیی گرانبوونی خۆراك لە زستاندا لێ درا

كارزان گلی – هه‌ولێر

هاووڵاتیانی توركیا، هاوینی 2023یان لەناو قەیرانێكی سەختی داراییدا بەڕێ كرد، هەروەها گرانیی نرخی خۆراكیش یەكێك بوو لەو گرفتە گەورانەی بەرۆكی هاووڵاتی گرتبووەوە، لە زستانیشدا ئەو گرفتە هەر ماوە، بەڵام زەنگی مەترسی لێدەدرێت و ئەگەر زۆرە نرخ زۆر لەوەی ئێستا بەرزتر ببێتەوە، بەتایبەت نرخی گازی سروشتیی بۆ گەرمكردنەوەی ماڵان.

رێكخراوی فاوی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان بڵاوی كردووەتەوە، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا نرخی خۆراك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، بەتایبەت گەنم، تەنیا شەكر و برنج نرخەكەی گران بووە، بەڵام ئەمە بۆ توركیا پێچەوانەیە و نرخ بەردەوام لە بەرزبوونەوەدا بووە.
لە توركیا بەهۆی ئەوەی لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا رێژەی جوتیار كەم بووەتەوە، هەروەها بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی ئەمساڵ، كە زۆرترین زەوی گشتوكاڵی لەناو برد، هۆكارە كە نرخی خۆراك بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و بەگوێرەی زانیارییەكان 36 مانگە نرخی خۆراك بەردەوام بەرزبووەتەوە و تەنانەت 1%یش نەهاتووەتە خوارەوە.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، نرخی خۆراك لە 2023 بەبەاورد بە 2022، بەرێژەی 72.9% بەرز بووەتەوە، ئەمەش خراپ کاری كردووەتەوە سەر ژیانی هاووڵاتی.
میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، تێچووی خۆراك لە توركیا گران بووە، بەتایبەت نرخی كارەبا و گازی سروشتی بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی نرخی خۆراك گران بێت.
ئەوەی مایەی مەترسییە پێشبینی دەكرێت لەم زستانەدا نرخ زیاتر گران بێت، چونكە حكوومەتی توركیا نرخی گازی سروشتیی جارێكی تر گران كردەوە، بەتایبەت بۆ كارگەكان، ئەمەش ڕاستەوخۆ كار دەکاتە سەر نرخی خۆراک و گرانی دەکات، بۆیە هۆشداری دەدرێت بە پەلە نرخ كۆنترۆڵ بكەن، چونكە كارەساتی مرۆییی بەدوادا دێت.
عەلی ئەكبەر یڵدرم، شارەزای كشتوكاڵ لە توركیا، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و پێی وایە، لەم زستانەدا نرخی خۆراك زۆر لە ئێستا گرانتر دەبێت.
یڵدرم، هۆكاری گرانی نرخ بۆ گرانی نرخی گازی سروشتیی و دانەوێڵە دەگەڕێنێتەوە، كە بەرێژەی 100% نرخەكەی گران بووە، هەروەها ئاماژە دەدات، هیچ مومكین نییە، نرخ لە زستاندا دابەزین بەخۆیەوە ببینێت.
بەگوێرەی زانیارییەكانی یڵدرم، تا كۆتایی ساڵی 2023، نرخی خۆراك لە تەواوی توركیادا بەرێژەی 80% بەرز دەبێتەوە، چونكە كاتێك باس لە خۆراك دەكەین زۆر لایەنی تر دەگرێتەوە، وەكوو گرانی نرخی بەنزین كە بەرهەمی كشتوكاڵی پێ دەگوازرێتەوە، هەروەها گرانی نرخی كارەبا و گازی سروشتیی و زۆری تریش، ئەمانە هەموو هۆكاری گرانی نرخی خۆراكە.
جوتیارەكانی توركیا، خۆراك وەكوو پێویست بەرهەم ناهێنن، وەكوو گەنم و جۆ و بەرهەمی شیرەمەنی و كشتوكاڵی، چونكە گلەییان هەیە بە نرخێكی زۆر هەرزان لێیان وەردەگیرێت، ئەمەش بۆ ئەوان لە بری قازانج زەرەرە، بۆیە بیر لە كاری تر دەكەنەوە، ئەمەش كاریگەریی تەواوی لەسەر بەرهەمهێنان هەیە، هۆشداریش دەدەن لە زستاندا بەرهەم كەمتر دەبێتەوە، چونكە رێگەكان بەهۆی بارینی بەفرەوە دەگیرێن و هەروەها جوتیارەكانیش لەبەرنامەیان نییە بەرهەم زیاد بكەن، بەڵكوو بەرێژەیەكی زۆر دەستبەرداری كاری كشتوكاڵی دەبن.
خێزانەكانی توركیا، خۆراكی تەندروست نادەن بە منداڵەكانیان، چونكە خۆراكی تەندروست نرخەكەی فڕیوە و ناتوانن دەستیان پێی بگات، ئەمەش كاریگەریی لەسەر زیهنی قوتابی دروست كردووە.
بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەك، بەشێكی زۆری قوتابییەكانی ناوەندی و دواناوەندی و زانكۆ، لە وانەی بیركاری و هونەر، ئەنجامێكی زۆر خراپیان بەدەست هێناوە، كە ئەمەش هۆكارەكەی نەخواردنی خواردنی تەندروستە.