لە شەڕی قەرەباغ كێ بردییەوە و كێ دۆڕاندی؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە ماوەی 24 سەعاتدا، هێزەكانی ئازەربایجان، توانییان تەواوی ناوچەی قەرەباغ داگیر بكەن و ئیدی ئەو ناوچەیە بە تەواوی كەوتەوە ژێر كۆنترۆڵی ئازەربایجان، كە 33 ساڵە شەڕی لەسەر دەكرێت و ئەوەی قوربانی ئەو شەڕەشە هەر هاووڵاتیانی قەرەباغن. بەگوێرەی زانیارییەكان، ٦٥هەزار ئەرمەنی، قەرەباغیان بەجێ هێشتووە و هاتوونەتە ئەریڤان، ئەوان دەڵێن نەژادمان دەسڕنەوە و نامانەوێت لەژێر دەسەڵاتی ئازەردا ژیان بكەین. كێ لەو شەڕەدا بردیەوە؟ ئەی دۆڕاوی شەڕ كێیە و توركیا و ئێران ڕۆڵیان لەم شەڕەدا چییە؟

بەگوێرەی شڕۆڤەی چەند سیاسییەك، دۆڕاوی سەرەكی شەڕی قەرەباغ، ئێرانە، چونكە ئیدی توركیا ئەو وڵاتەی گەمارۆ داوە و بە گێڕانەوەی ناوچەی قەرەباغیش بۆ ئازەربایجان، ئیدی توركیا بەرامبەر بە ئێران بەهێزتر بوو.
ئۆزگوور ئونلوهیسارجكلی، شارەزای سیاسیەتی نێودەوڵەتی، پێی وایە ئیدی توركیا و ئەرمەنستان، پەیوەندییەكانیان ئاسایی دەبێتەوە، چونكە یەكێك لە كێشە هەرە سەرەكییەكانی ئەو دوو وڵاتە، ناكۆكی سنوور بوو، بۆیە بە كۆتایی هاتنی شەڕی قەرەباغ، ئیدی رێگەی ئاساییبوونەوەی پەیوەندی توركیا و ئەرمەنستان دەكرێتەوە.
ئۆزگوور، قسەی بۆ ئاژانسی (DW)ی توركی كردووە و دەڵێت: ”ئازەربایجان، لە باشووری قەفقاسیا لەڕووی جیۆستراتیجییەوە بەهێز بووە، لەڕووی ستراتیژیشەوە هاوپەیمانەكەی كە توركیایە ئەویش بەهێز دەبێت لەو ناوچەیە، بۆیە دۆڕاوی سەرەكی ئێرانە. ئێران زۆر نیگەرانە بەو پەیوەندییە سەربازییەی لە نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجاندا هەیە، هەروەها لەڕووی بازرگانیشەوە توركیا نفوزی خۆی لە گورجستان و ئازەربایجان زیاد كردووە، ئەمانەش بۆ ئێران جێگەی نیگەرانییە و لە نزیكەوە چاودێری دەكات.“
وەكوو ئەوەی باسی دەكات، توركیا لە باشووری قەفقاسیا بەهێز بووە، هەروەها بە گێرانەوەی قەرەباغیش، چواردەورەی ئێرانی گەمارۆ داوە، بۆیە ئەمە پێمان دەڵێت كە توركیا بەرامبەر بە ئێران بەهێزتر دەركەوتووە.
توركیا، خۆی ئامادە كردووە. كە كۆریدۆری زەنگەزوور لەگەڵ ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا بكاتەوە، ئەمە توركیا بە ناوەڕاستی ئاسیا دەبەستێتەوە، ئێرانیش بەو هەنگاوە نیگەرانە چونكە بەئاشكرا پلانەكە بۆ لاوازكردنی ئێرانە لەو ناوچەیەدا.
ناكۆكی زیاتر دەبێ
دوو پڕۆفیسۆر و شارەزای سیاسی لە ئەڵمانیا، لە لێكۆڵینەوەیەكدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، گرژییەكان بەوەوە ناوەستێت كە لە قەرەباغ شەڕ كۆتایی پێ بێت، نەخێر ئیدی گرژی و شەڕی گەورە لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست پێدەكات.
حەمید ڕەزا عەزیز و دەریا عیساچینكۆ، لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەڵێن، ئەو كۆریدۆرەی توركیا دەیەوێت بیكاتەوە، زیانێكی گەورە بەر ئەورووپا دەكەوێت لەڕووی گازی سروشتییەوە، بۆیە ئەورووپا، لەگەڵ كردنەوەی ئەو كۆریدۆرە نییە.
ئەو دوو لێكۆڵەرە دەنووسن: ”ئەو گرژییەی لە نێوان ئێران و توركیادا هەیە، كە ئیسرائیلیشی تێدایە، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە دەكات، بەشێوەیەك گرژییەكە فراوان دەبێت، لە باشووری قەفقاسیاوە دەست پێدەكات تا ناوەڕاستی ئاسیا. ئەم ناكۆكییە دەبێتە هۆی ئەوەی لە ناوچەكە وەبەرهێنەران چۆڵی بكەن، لەڕووی بازرگانییەوە ئەنجامی خراپی دەبێت و بەهیچ شێوەیەك ئیكۆنۆمی ئەو وڵاتانە بەروپێشچوون بەخۆیەوە نابینێت، ئەمە جگە لەوەی هاووڵاتی سڤیل دەبێتە قوربانی.“
ئەو كۆریدۆرەی ئێستا لە باشووری قەفقاسیادا هەیە، بۆ ئەورووپا شادەماری گواستنەوەی گازی سروشتی نەوتە، بۆیە هەر نائارامییەك لەو ناوچەیە روو بدات، ئیدی دابینكردنی گازی سروشتیی بۆ ئەورووپا دووچاری جەڵەتەیەكی گەورەی دڵ دەبێتەوە، بەتایبەت دوای شەڕی ئۆكڕاینا و بڕینی گازی سروشتیی روسی بۆ ئەورووپا.
بۆچی رووسیا بێدەنگ بوو بەرامبەر بە ئازەربایجان؟
پرسیارێك زۆرێك لە سیاسییەكان دەیكەن، بۆچی رووسیا بێدەنگ بوو لە داگیركردنی قەرەباغ لە لایەن ئازەربایجانەوە، لە كاتێكدا ئەرمەنستان هاوپەیمانیی رووسیا بوو. بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دوو بۆچوون هەیە، یەكەمیان، رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆكڕایناوە، لە باشووری قەفقاسیا لاواز بووە، بۆچوونی دووەمیش ئەوەیە، نیكۆل پاشینیان، سەرۆكی ئەرمەنستان، بەم دواییانە لە ئەرووپا نزیك بووەوە و هەروەها لەگەڵ ئەمریكادا لەسەر سنووری ئازەبایجان، مانۆڕەی سەربازی ئەنجامدا، ئەمە رووسیای توڕە كرد، چونكە رووسیا پێی وابوو بەم هەنگاوە، ئەورووپا لە ناوچەكەدا دەسەڵاتی بەهێز دەبێت دژی رووسیا.
بەڵام دەریا عیساچینكۆ، بێدەنگی رووسیا بۆ سێ هۆكار دەگێڕیتوە:
یەكەم: رووسیا، لە ئەرمەنستان، حكوومەتێكی ناوێت لە ئەورووپا نزیك بێت.
دووەم: نایەوێت ئەرمەنستان و قەرەباغ، هیچ بنكەیەكی سەربازی ئەورووپای لێبێت.
سییەم: رووسیا نایەوێت هیچ وڵاتێكی ناتۆ لە ئەرمەنستان و قەرەباغدا بوونی هەبێت و ئەمە بەلای ئەودا هێڵی سوورە.
ئەو بێدەنگییەی رووسیا، هەر هیچ نەبێت لەو سێ خاڵەدا توانی یەكێكی بپێكێت، ئەویش ئەوەیە كە رێگەی نەدا هێزی سەربازی ئەورووپا بگاتە ئەرمەنستان، چونكە گرژی قەرەباغ، لە هەمان كاتدا پەیوەندی بەوەشەوە هەیە، كە وڵاتانی ئەورووپاش دەستوەردانی تێدا بكەن و رووسیا ئەو رێگەیەی داخست، ئەمەش لە كاتێكدابوو كە ئەرمەنستان ماوەیەكی زۆرە داوا لە ناتۆ دەكات، هێز بنێرێتە قەرەباغ، بۆ ئەوەی ئازەربایجان داگیری نەكات.
پرسیارێكی تر سەر هەڵدەدات، ئایە هێزی ئاشتی رووسیا لە قەرەباغ دەمێنێتەوە؟ چونكە لە رێككەوتنی 2020دا، هەردوو لایەن رێككەوتن تا 2025، هێزی سەربازی رووسیا بۆ پاراستنی ناوچەكە لە قەرەباغ بێت.
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەریا پێیوایە هێزی رووسی دەمێنێتەوە، چونكە لە مادەی 9ی ئەو رێككەوتنەدا ئاماژە دراوە، بۆ ئەوەی ئەرمەنستان و ئازەربایجان و نەهچیڤان رێگەیەكیان هەبێت بەیەكترییەوە ببەسترێن، هێزی رووسی ئەو رۆڵە دەگێرێت، واتە ئەو رێگە بەیەكگەیشتنە لە رێگەی هێزی رووسییەوە دەپارێزرێت، بۆیە هێزی رووسی لە قەرەباغدا دەمێنێتەوە.
رووسیا و توركیا، بە وردی چاودێری بارودۆخی قەرەباغ دەكەن، ئەوان رێككەوتوون لەسەر ئەوەی گرژییەكان بەیەكەوە ئیدارە بدەن نەك كۆتایی پێبهێنن، هەروەها رێكیش كەوتوون كە بەهیچ شێوەیەك لەسەر قەرەباغ رووبەڕووی یەكتری نەبنەوە.