لە 43 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان هۆشداریی لە روودانی لافاو دەدرێت

شەپۆڵێکی بارانبارین 43 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستان دەگرێتەوە و هۆشداریی لە روودانی لافاو دەدرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی ئۆکتۆبەری 2023، بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، لە ئەمڕۆوە شەپۆڵێکی بارانبارین و هەورەبرووسکە 43 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا دەگرێتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، ئەو 43 پارێزگایە خراونەتە نێو لیستی ئەو پارێزگایانەی کە پێویستە دانیشتووانیان ئامادەسازیی بکەن لەبەرامبەر ئەگەری  روودانی لافاو و خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن کە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاوی هەیە.

بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسیی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا پلەکانی گەرما لە تورکیا و باکووری کوردستان 3 بۆ 5 پلەی سیلیزی دادەبەزن.

 لە نێو ئەو 43 پارێزگایەدا، 10 پارێزگای باکووری کوردستان هەن و هۆشداری دراوەتە دانیشتووانیان کە بارانێکی بەخۆڕ ئەو پارێزگایانە دەگرێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە کاتژمێر 05:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بارانبارین لە ئیستانبوڵ دەستیپێکردووەتەوە، بەتایبەتی لە بەشی ئاسیا کە بە تەواوی کاریگەریی خۆی پیشانداوە.

بارانەکە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی شەممە، 30ـی ئەیلوولی 2023، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ رایگەیاند، جگە لە حاڵەتی زۆر پێویست، باشترە دانیشتووانی ئیستانبوڵ بە ئۆتۆمبێلەکان نەچنە دەرەوە و سەرجەم رێکارەکانی تایبەت بە رێگریکردن لە دروستبوونی زیانی ماددی لەئەگەری دروستبوونی لافاو بگرنەبەر.