ئێران و ئەمەریکا هەواڵێک لەسەر دانوستاندنە ئەتۆمییەکان رەتدەکەنەوە

ئەمەریکا و ئێران ئەو هەواڵانەیان رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هەردوولا سەرقاڵی دانوستاندنێکی نهێنی بوونە لە دوای رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان، کە لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەنێوەندگیری قەتەر جێ بەجێکرا.

بەرپرسێکی ئەمەریکی بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، ” بڕیار نییە هیچ گفتوگۆیەکی راستەوخۆ یان  ناڕاستەوخۆ بکرێت، هەروەها برێت مەکگۆرک رێکخەری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا بەشداری هیچ دانوستاندنێک ناکات.

رۆژی سێشەممەی رابردوو وەزارەتی دەرەوەی ئێران راپۆرتێکی میدیایی رەتکردەوە کەباسیان لەوەکردووە، دەسەڵاتدارانی تاران مۆڵەتی بە دانوستانکارەکانی داوە بچنە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ واشنتن” بۆ سووککردنی سزاکان لە بەرانبەر ئەوەی ئێران بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمەکەی کەم بکاتەوە.

وەزارەتەکە رایگەیاندووە، “ئەم یارییە میدیایییانە بێ بنەمان و هەمیشە بۆ وروژاندنی کەشێکی سیاسی بەکارهێنراون”، بەڵام وا دیارە واشنتن دەرگا بە کراوەیی دەهێڵێتەوە بۆ هەر دانوستانێکی ئەگەری لەگەڵ تاران .

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ماتیۆ میلەر لە وەڵامی پرسیارێکدا لە رادیۆی دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا ئامادەیە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکات، گوتی: ئێمە هەمیشە گوتوومانە کە ئێمە کراوەین بەرامبەر بە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران.

ئاماژەی بەوەشکرد نامەوێت بچمە ناو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەر دانوستانێکی لەو شێوەیە، بەڵام پێمان وایە دیپلۆماسی باشترین رێگایە بۆ ئەوەی ئێران نەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت.

میلەر گوتیشی: کۆمەڵێک هەنگاو هەن کە “ئەمریکا دەیەوێت ئێران پێش هەر دانوستانێک بیگرێتەبەر”، لەوانە هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، بەرپرسانی ئەمەریکا و ئێران رێککەوتنێکیان ئەنجامدا کە بەپێی ئەو رێککەوتنە پێنج هاووڵاتی ئەمەریکی کە لە ئێران دەستبەسەرکرابوون ئازادکران، لە بەرانبەردا ئەمەریکا شەش ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران لەکۆریای باشوور ئازاد کرد و رادەستی ئێران کرایەوە.