شەڕێ ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر قەرەباغ بەكوێ دەگات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لەسەر قەرەباغ، ٣٥ ساڵە بەردەوامە، بەڵام بە یەك رۆژ، هێزی ئەرمەنی چۆكی دادا و گوتیان ئێمە چەكەكانمان دادەنێین و ئیدی شەڕ لەسەر قەرەباغ ناكەین. ئاخۆ ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاشتییەكی بەردەوام لە قەرەباغ بێتە كایەوە؟ جارێ نازانرێت، چونكە زلهێزەكان، رۆڵی گەورە لەو ناكۆكییەدا دەبینن.

هێزەكانی ئازەربایحان لە 19_20 ئەیلوولدا هێرشیان بۆ سەر قەرەباغ دەست پێكرد و لە ماوەی یەك رۆژدا هێزی ئەرمەنی چۆكی دادا و قەرەباغیان چۆڵ كرد، دەكرێت بڵێین ئەم شەڕە شەڕی یەك رۆژی پێ دەڵێن، واتە شەڕێكی 35 ساڵی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا، بە یەك رۆژ كۆتایی پێهات، بەڵام رەنگە لە داهاتوویەكی نزیكدا هاوكێشەكان گۆڕانیان بەسەردا بێت.
لە شەڕی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا لە 1988_1992، ئەرمینیا توانیی 20%ی خاكی ئازەربایجان داگیر بكات، ئەوكات هێزی ئەرمینیا لە ئازەربایجان بەهێزتر بوو، بەڵام لەڕووی نێودەوڵەتییەوە هیچ شەرعییەتێک بەو شوێنانە نەدرا كە ئەرمینیا داگیری كردبوو.
دوای ئەوەی لە رێگەی فرۆشتنی نەوتەوە، ئازەربایجان، توانیی ئابوورییەكەی بەهێز بكات و هەروەها لەڕووی سەربازییشەوە بەهێز بێت، بەتایبەت كاتێك توركیا چەكی قورسی پێ فرۆشت، بۆیە لە شەڕێكی 44 رۆژە و لە 10_11_2020، هێرشیان كردە سەر ئەرمینیا توانیی 70% ئەو خاكەی وەربگرێتەوە كە پێشتر ئەرمینیا داگیری كردبوو، هەروەها بە نێوەنگیری رووسیا، شەڕ راوەستا و بە بەهانەی بەرقەراربوونی ئاشتی لەو ناوچەیە، هێزی ئاشتیپارێزی ڕووس چووە ناو قەرەباغ و چەند شوێنێكی تر، مانەوەی ئەو هێزەش بۆ ماوەی پێنج ساڵ بوو.
لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، شەڕێكی جیدی و ناكۆكییەكی جیدی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە نەهاتە كایەوە، بەڵام جاروبار لە یەكتریان دەدا و هەروەها ڕەخنەشیان دەگرت بەوەی هێزی ڕووس نەیتوانیوە ئەو ئاشتییە بهێنێتە كایەوە كە هەردوو وڵات دەیانەوێت، بۆیە ئازەربایجان، دەستپێخەریی كرد و هێرشی دەست پێكرد.
لە ئەرمینیا زیاتر، هیچ وڵاتێک قەرەباغی وەكو وڵاتێک نەناساند، بۆیە لە ماوەی سێ ساڵ و نیودا، ئەرایك هاروتیونیان، وەكو سوپاسالاری قەرەباغ كاری كرد و پاشان دەستی لەكار كێشایەوە و لە شوێنی ئەو سامڤێل شەهرەمانیان دەستبەكار بوو، بەڵام ئەو كەسایەتییە بووە هۆی ئەوەی دەماری توڕەیی ئیلهام عەلییەڤ، سەرۆكی ئازەربایجان هەستێنێت و شەڕ هەڵبگیرسێتەوە، چونكە ئەو بەردەوام هەڕەشەی لە ئازەربایجان دەكرد.
كاریگەریی سەرۆكوەزیرانی قەرەباغ
ڤاردانیان، سەرۆكوەزیرانی قەرەباغ، كە بە ڕەگەز ئەرمەنییە و خاوەنی ڕەگەزنامەی ڕووس بوو و بەیەكێك لە پیاوە ئولیگاردەكانی ڕووسیا دادەنرا و سەرمایەكەی ملیارێک و 200 ملیۆن دۆلارە، لە مانگی ئەیلوولی 2022ەوە سەرۆكوەزیرانی قەرەباغ بوو، بەڵام بەهۆی فشارەكانی باكۆ، ناچار بوو لە 23_2_2023 دەست لەكار بكێشێتەوە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە، كە ڤاردانیان وازی لە سیاسەت هێنابێت، نەخێر بەجیدی باس لەوە دەكرێت، خۆی ئامادە دەكات تا لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەرمینیا، بچێتە شوێنی نیكۆل پاشینیان، سەرۆكی ئێستای ئەرمینیا.
هەندێك ئەو بەپیاوی كرملین دادەنێن، بەڵام ئەگەر شانسی ئەوەی هەبوو ببێتە سەرۆكی ئەرمینیا، یەكەم كاری ئەوە دەبێت، لەگەڵ ئیلهام عەلییەڤدا لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشێت، ئەوكات بەبەهێزییەوە دەچێتە ناو دانووستاندن، چونكە رووسیای لەپشت دەبێت.
پاشینیان، دانی بەوەدا ناوە كە قەرەباغ، سەر بە ئازەربایجانە، ئەمەش نیگەرانی ئەرمەنییەكانی لێكەوتووەتەوە، بۆیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو گورزی گەورەی بەردەكەوێت، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی بە یەك رۆژ، قەرەباغ، بكەوێتە دەستی سوپای ئازەربایجان.
لایەنی یاسایی و مرۆیی قەرەباغ
ئەگەر باس لە قەرەباغ بكەین، دەبێت لە دوو لایەنەوە باسی بكەین، یەكەم لایەنی یاسایی، دووەم لایەنی مرۆیی. لەڕووی یاساییەوە، هەروەها لەڕووی یاسای نێودەوڵەتییەوە قەرەباغ، سەر بە ئازەربایجانە، هەروەها لەڕووی مرۆییشەوە، ئەوانەی لەوێ دەژین زۆربەریان بەڕەگەز ئەرمەنین و زوڵمیان لێ دەكرێت گەر دەربكرێن.
لەبارەی ژمارەی دانیشتوانی قەرەباغەوە، ژمارەی جۆراوجۆر دەگوترێت، بەڵام كۆكن لەسەر ئەوەی ژمارەی دانیشتوانەكەی 120 هەزار كەسە و زۆربەیان ئەرمەنین و ساڵانێكی زۆرە لەوێ خوێندویانە و كەنیسەیان دروست كردووە و پەیڕەوی ئاینی خۆیان دەكەن، بۆیە ئەگەر بەزۆر ئەوان دەربكرێن و بڵێن ئێرە ئازەربایجانە و دەبێت بچنەوە ئەرمینیا، بۆ ئەوان زۆر قورس دەبێت و دەبێتە هۆی ئەوەی هەموو ئەو شتانەی لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا بەدەستیان هێناوە لە دەستی بدەن.
سەردەمانێك عەلییەڤ، دەیگوت با قەرەباغ خاوەنی ستاتۆی خۆی بێت، بەڵام دوای ئەوەی هێزی كۆ كۆدووەتەوە و خاوەنی چەكی قورس و پارەی زۆرە، ئێستا دەڵێت، قەرەباغ، وەكوو هەموو شارەكانی تری ئازەربایجانە و ئەو ئەرمەنیانەشی لەوێ دەژین، یان دەبێت وەكوو ئازەرییەك لە قەرەباغ بژین، یان دەبێت چۆڵی كەن.
عەلیەڤ، كاتێك توانی قەرەباغ لە دەستی ئەرمینیا دەربهێنێت، بەشێوازێكی زۆر ناشرین، كە بووە هۆی ئەوەی رەخنەی زۆری لێبگیرێت و هاتە بەردەم كامیرەكان و گوتی: ”چی بووە پاشینیان؟ كوا دەتگوت سەما دەكەم؟ كوا دەتگوت قەرەباغ خاوەنی ستاتۆی خۆیەتی؟“ هەروەها دەستی بۆ درێژ كرد و هەڕەشەی لێ كرد، ئەمە لە هەڵسوكەوتی سەرۆكی وڵاتێك ناوەشێتەوە، چونكە سووكایەتی بوو بە هەموو گەلی ئەرمینیا.

تێبینی: بۆ ئەم راپۆرتە سوود لە وتارێكی نووسەری تورك، هاكان ئاكسۆی وەرگیراوە