شازادەی جێنشینی سعوودیە: ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات ئێمەش دروستی دەکەین

محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودیە نیگەرانی خۆی لە دەستگەیشتنی وڵاتان بە چەکی ئەتۆمی دەربڕی و گوتی: جیهان نایەوێت هیرۆشیمایەکی دیکە ببینێتەوە.

شازادەی جێنشینی سعوودیە لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی رایگەیاند، ئەگەر ئێران چەکی ئەتۆمی دروست بکات و ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، ئەوا سعوودیەش چەکی ئەتۆمی دروست دەکات.

محەممەد بن سەلمان لەو هەڤپەیڤینەدا گوتی: ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە هەر وڵاتێک ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ئەوە کار و جووڵەیەکی خراپە، تۆ نابێت ببیتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی چونکە ناتوانی بەکاری بهێنیت.

شازادەی جێنشینی سعوودیە راشیگەیاند، تەنانەت ئەگەر ئێرانیش ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و هەر وڵاتێکیش ئەو چەکە بەکاربهێنێت، مانای وایە جەنگی لەگەڵ تەواوی جیهان هەڵگیرساندووە. گوتیشی: جیهان نایەوێت هێرۆشیمایەکی دیکە ببینێت.

لەلایەکی دیکەوە، جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە دیدارێکیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە پەراوێزی 78ەمین کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە نیویۆرک رایگەیاند، پابەندی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل وەک هەمیشە بە بەهێزی دەمێنێتەوە و هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.