كارزان گلی – ههولێر
ئاماژەكان بۆ ئەوە دەچن، ئەم هەڵبژاردنە، واتە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا لە 2024، هەدەپە، بەشێوەیەكی نهێنی كەوتبێتە دانوستان لەگەڵ ئاكەپەدا، ئەمەش پێشوازیەکی باشی لە باكووری كوردستان لێ كراوە، بەتایبەت بنكەی جەماوەری هەدەپە و ئەو كوردانەی موحافیزكارن و دەنگ بە ئاكەپە دەدەن. دەركەوت هەدەپە هیچ دەرچەیەكی نییە تا بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، تاكە دەرچەی، دانوستان و رێككەوتنە لەگەڵ ئاكەپەدا، چونكە ئۆپۆزسیۆنی توركیا، هەدەپەی بەكار هێنا و بە نهێنی لەگەڵ نەژادپەرست و دژەكوردەكاندا ڕێك كەوتبوو و دەنگدەری هەدەپەی وەكو كەوێك حیساب كردبوو لەناو قەفەسێكدا، كەی ویستی یان پێویستی پێی بوو دەری بهێنێت و لەبەرژەوەندی خۆی بەكاری بهێنێت.
یەكێك لە دەسكەتەكانی پرسی چارەسەری لە 2013، دامەزراندنی هەدەپە بوو، هەروەها رێگەخۆشكردن بوو بۆ ئەو پارتە تا بتوانێت وەكو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، هەرواش بوو و توانیی لە هەڵبژاردنی 2015، بەربەستی هەڵبژاردن بشكێنێت و 80 كورسیی بردەوە. لە هەموو ئەو سەردەمانەی نێوانی هەدەپە و ئاكەپە خۆش بووە، یاخود لەناو رێككەوتنێكدا بوونە، كورد حەساوەتەوە و دەنگی گوللە كپ بووە و دەنگی ئاشتی بە گوێی گەلدا بەرز بووەتەوە، بە پێچەوانەوە، جەرگی دایكان سووتاوە و دەرگای زیندان بۆ پەرلەمانتار و سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە كراوەتەوە، بۆیە بۆ ئەوەی هەدەپە، لەو گۆشەگیری و فشارە رزگاری بێت، پێویستە بكەوێتە دانوستان لەگەڵ ئاكەپە، بەتایبەت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2024، چونكە ئاكەپە زۆر پێویستی بە دەنگدەری هەدەپەیە، بەتایبەت لە (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەنتاڵیا).
ئەم هەڵبژاردنە، بۆ ئاكەپە زۆر گرنگ و ستراتیژییە، چونكە تاوەكو ئێستا نەیتوانیوە قەڵای ئۆپۆزسیۆن بڕووخێنێت، ئەگەرچی 12 هەڵبژاردنە هەمیشە براوەیە.
لینین، دوای ئەوەی شۆڕشی ئۆكتۆبەری سەری گرت و توانیی بەسەركەوتوویی لێی بێتە دەرەوە، دەڵێت ئێمە لە شۆڕشدا سەركەوتوو بووین، بەڵام بەو مانایە نییە كە بۆرژوازیمان لەناو بردبێت و كۆتاییمان پێ هێنابێت، نەخێر ئەوان ئێستاش بەهێزن و بەدوای هەلێكدا دەگەڕێت تا حكوومەتی سۆڤیەت لەناو ببەن و بگەڕێنەوە سەر دەسەڵات، بۆیە قۆناغە سەختەكە ئێستایە و دەبێت بۆ لەناوبردنیان بەردەوام لە شۆڕشدا بین.
ئەم گوتەیەی لینین، بەسەر ئێستای ئاكەپە و رەجەب تەیب ئەردۆغاندا جێبەجێ دەبێت، راستە ئەردۆغان براوەی هەڵبژاردنی 14 ی ئایاری 2023یە، بەڵام تاوەكوو ئێستا نەیتوانیوە بە تەواوی ئۆپۆزسیۆن لاواز بكات، بەڵكوو ئۆپۆزسیۆن هەمیشە لە هەوڵدایە تا بتوانێت هەر هیچ نەبێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا شارەوانییە گەورەكانی وەكو (ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەنتاڵیا، ئیزمیر) بباتەوە، لەو دەرگایەشەوە بەرەو سەركەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2028 هەنگاو بنێت، بۆیە ئەردۆغانیش پێویستی بە هەدەپەیە، چونكە بەبێ هەدەپە، ناتوانێت ئەو شارەوانییە گەورانە بباتەوە و بۆ خۆی حاكم بێت تێیدا.
ئەردۆغان، جیا لە ئیستانبۆڵ، چاوی لە ئەنتالیایە، چونكە ئەو شارە بە پایتەختی گەشتیاریی توركیا دادەنرێت و ساڵانە ملیۆنان گەشتیار رووی تێ دەكات و داهاتێكی زۆریشی هەیە، بۆیە مەولوود چاوشئۆغڵوی كردووەتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، بەڵام دەنگی ئاكەپە، تەنانەت لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 2023شدا لە دەنگی ئۆپۆزسیۆن كەمتر بووە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 2023، كەمال كلیچدارئۆغڵو لە ئەنتالیا توانیی 926هەزار و 707 دەنگ بەدەست بهێنێت، ئەردۆغانیش 689هەزار و 175 دەنگی هێنا، بەڵام دەنگی كلیچدارئۆغڵو، دەنگی هەدەپە و پارتی خاس و سەعادەتیشی لەگەڵدا بووە.
بۆیە ئەگەر دەنگی هەدەپە بخەیتە سەر دەنگی ئاكەپە، ئەمەش لە ئەگەری رێككەوتنی ئەو دوو پارتە لە هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكان، ئەگەر زۆرە چاوشئۆغڵو بتوانێت براوەی هەڵبژاردن بێت، چونكە هەدەپە، خاوەنی زیاتر لە 100هەزار دەنگە لە ئەنتاڵیا.
هەدەپە، بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بە سیاسەت بدات، دەبێت خۆی لە ژێر فەرمانی پەكەكە دەربهێنێت، دەبێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە خاوەنی ستراتیژییەتی خۆی بێت، ئەو ستراتیژییەش نزیكبوونەوەیە لە ئاكەپە، نەك بەو مانایەی بەرامبەر بە ئاكەپە خۆی بچووك بكاتەوە، نەخێر بەو مانایەی ئاكەپە، پێویستیی پێیەتی و ئەویش پێویستی بە ئاكەپەیە، بۆیە بۆ بەرژەوەندی كورد و بوونی هێزی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا و كاریگەرییان لە هاوكێشەی سیاسی توركیا، دەبێت هەدەپە، ئەمجارەیان بەدوای ئۆپۆزسیۆن نەكەوێت، ئەو ئۆپۆزسیۆنەی، بەنهێنی لەگەڵ ئومید ئۆزداغ كەوتبووە رێككەوتن، بەوەی ئەگەر كلیچدارئۆغڵو، ببێتە سەركۆماری توركیا، ئۆزداغ دەكاتە وەزیری ناوەخۆی توركیا، ئەو ئۆزداغەی بڕوای بە نەتەوەی كورد نییە و رۆژانە سووكایەتی بە كورد و سەركردەكانی دەكات.
ئاكەپە، تاكە داوای لە هەدەپە ئەوەیە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، بەربژێری خۆیان هەبێت و دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەدەن، لە بەرامبەردا، ئەوانیش چەند داواكارییەكی هەدەپە جێبەجێ دەكەن، وەكو نەقەیومكردنی شارەوانییەكانی هەدەپە و هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری، بەڵام بە شێوازێكی تر و رەنگە ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاشیشی بەدوادا بێت، بەڵام ئەگەر پەكەكە فشار بكاتە سەر هەدەپە و زۆری لێ بكات دەست نەخاتە ناو دەستی ئەردۆغان، ئەوكات باجەكەی بۆ هەدەپە زۆر قورس دەبێت، بەتایبەت ئەگەر بەهۆی هەدەپەوە، ئەردۆغان، شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ و ئەنتالیا بدۆڕێنێت.