ئەنتۆنی بلینکن بەسەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤ

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ بە سەردانێکی رانەگەیەندراو چووە بۆ کیێڤ کە تیایدا ” پاکێجێکی نوێی هاوکاری ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت کە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ چوارشەممە، بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، کە تیایدا بڕیارە یارمەتی دارایی نوێ بۆ ئۆکرانیا رادەگەیەنێت بە بەهای زیاتر لە یەک ملیار دۆلار.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی: “پێشبینی ئەوە دەکەین وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا زیاتر لە یەک ملیار دۆلار بۆ ئۆکرانیا رابگەیەنێت”.

لەو کاتەی شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا سەری هەڵداوە، ئەمە چوارەم سەردانیکردنی ئەنتۆنی بلینکنە بۆ کیێڤ.

لە میانەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمیر زلێنسکی و سەرۆک وەزیران دێنیس شمیگال و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دیمیترۆ کولێبا، تاوتوێی پێداویستییەکانی ئۆکرانیا دەکات بەتایبەتی لە بواری هاوکاری سەربازیدا.

کاربەدەستێکی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی ئۆکرانییەکان، ئەوەی پێویستیان پێیەتی لەم قۆناغەی شەڕەکەدا پێیان بدرێت.

هەمان سەرچاوە راشیگەیاند، دابین کردنی بەرگری ئاسمانی هێشتا یەکێکە لە گرنگترین ئەولەویەتەکان، هێزەکانی ئۆکرانیا لە چەند هەفتەی رابردوودا، پێشکەوتنێکی بەرچاویان لە باشوور و لە رۆژهەڵات بە دەست هێناوە. بەڵام پێم وایە گرنگترین شت ئەوەیە کە هەڵسەنگاندنێکی راستەقینە لە خودی ئۆکرانییەکانەوە بکەین”.