كارزان گلی – ههولێر
دوای چەندین كۆبوونەوە و كێشە و گرفتی نێوان سوید و توركیا، ئاخری رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، رازی بوو بەوەی سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەڵام بۆ ئەوەی رازیبوونی توركیا ببێتە فەرمی، پێویست دەكات لەناو پەرلەمانی توركیا، دەنگی زۆرینە بەدەست بهێنێت.
لە سەرەتای مانگی 10ی ئەمساڵ، پەرلەمانی توركیا، لەبارەی ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ دانیشتنی نائاسایی ئەنجام دەدات، پێویست دەكات زۆرینەی پەرلەمانتارانی توركیا، دەنگی ”بەڵێ“ بدەن بۆ ئەندامبوونی سوید.
هەر وڵاتەی كە ئەندامی ناتۆیە، یاسای تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نموونە ئەگەر ئەمریكا رازی بێت هەر وڵاتێك ببێتە ئەندامی ناتۆ، پێویست دەكات دوو لەسەر سێی ئەندامانی كۆنگرێسی ئەمریكی رەزامەند بێت، بەڵام لە توركیا 50+1ـە، بۆیە بۆ ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ، ئەگەر ئۆپۆزسیۆنی توركیاش دەنگ نەدات، دەنگی هاوپەیمانی (كۆماریی)، كە لە نێوان ئاكەپە و مەهەپە، پێكهاتووە، بەشی ئەوە دەكات سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، بەو مەرجەی مەهەپە دژی نەوەستێتەوە.
لە 31_3_2023، پەرلەمانی توركیا، دەنگی لەسەر ئەندامبوونی فینلەندادا، بەڵام وەكوو ئەوەی چاوەڕوان دەكرا، دەنگی بەڵێی پەرلەمانتاران زۆر نەبوو، ئەگەرچی بەزۆرینەی دەنگ، فینلەندا لەلایەن توركیاوە بووە ئەندامی ناتۆ، بەڵام لە كۆی 600 پەرلەمانتار، 276 دەنگی بەڵێی هێنا، بەهۆی ئەوەی هەدەپە، هیچ دەنگێكی نەدا، واتە نە بەنەخێر و نە بە بەڵێ دەنگی نەدا، بۆیە زۆرینەی ئەو دەنگانە هەژمار كرا كە ئامادەی دەنگدان بوون، بەمەش بە 50+1، سوید لەلایەن توركیاوە بووە ئەندامی ناتۆ.
ئەوەی بووەتە كێشە لە بەردەم سوید، مەهەپە و جەهەپە و پارتی باشە، چونكە ئەو سێ پارتە لەگەڵ ئەوەدا نین سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ، پێیانوایە سوید تاوەكوو ئێستاش پشتگیری لە پەكەكە دەكات، هەروەها هەنگاوی نەناوە بۆ ئەوەی چالاكییەكانی پەكەكە لە سوید سنووردار بكات و ئەو ئەندامانەی پەكەكەشی رادەستی توركیا نەكردووە كە داوای كردبوو.
مەهەپە، كە هاوپەیمانی ئاكەپەیە، دژی ئەندامبوونی سویدە، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی ئەو پارتە، هێرشی توندی كردە سەر سوید و بە داڵدەدانی پەكەكە تۆمەتباری كرد، بۆیە گوتی، ناكرێت سوید ببێتە ئەندامی ناتۆ.
بەڵام ئەوەی میدیاكانی توركیا باسی دەكەن، رەنگە ئەردۆغان، سەركەوتوو بێت لەوەی بڕوا بە مەهەپە بهێنێت سوید بكاتە ئەندامی ناتۆ، جیا لەوەی ئەگەر زۆرە، جەهەپە و پارتی باش، وەكوو چۆن بە بەڵێ دەنگیان بۆ ئەندامبوونی فینلەندادا بۆ ناتۆ، بۆ سویدیشی بدەن، ئەمەش دەرگا بەڕووی سوید دەكاتەوە تا ئەندامبوونی لە ناتۆ بۆ ئاسان بێت.
ناتۆ، لەدوی جەنگی جیهانی دووەم لە ساڵی 1949 دامەزرا. سەرەتا لە 12 وڵات پێكهاتبوو، بەڵام دوای 70 ساڵ، ئێستا ژمارەی ئەندامانی ناتۆ بووەتە 30 وڵات، ئەگەر سوید و فینلەنداشی بخەینە سەر كە لە داهاتوو دەبنە ئەندامی ناتۆ، رێژەكە بۆ 32 وڵات بەرز دەبێتەوە.