هەدەپە لە سای پارتی چەپی سەوزەوە دەتوانێت درێژە بە سیاسەت بدات؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەدەپە، لە چوارەمین كۆنگرەی خۆیدا، بڕیاری دا قورسایی پارتەكەیان ببەنە ناو پارتی چەپی سەوز، ئەو پارتەی لە هەڵبژاردنی 14ی ئایاردا توانیی 61 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت. هۆكاری ئەوەی، پارتی چەپی سەوز بكەنە پارتێكی بەهێز لەبری هەدەپە، ئەگەری داخستنی هەدەپە هەیە لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە، بۆیە لە ئەگەری داخستنی هەدەپە، بەرپرسانی هەدەپە، دووچاری شۆك نابن، چونكە لەژێر چەتری پارتێكی تردا سیاسەت دەكەن.

ئایا هەدەپە، سەركەوتوو دەبێت لەوەی لەژێر چەتری پارتی چەپی سەوز درێژە بەسیاسەت بدات؟ یاخود هەدەپە، كاتێك لەدەرگای سەرەكی دەریدەكەن، دەكرێت لە پەنجەرەوە بێتە ژوورەوە و هەمان قورسایی هەبێت؟ ئەگەر بڕیاری دادگای دەستووری توركیا، تەنیا داخستنی هەدەپە بێت، بێگومان پارتی چەپی سەوز دەبێتە شوێنگرەوەی هەدەپە و رەنگە لە داهاتوو بەهێزتریش بێت، بەڵام ئەگەر سزایەكەی دادگای دەستووری توركیا فراوانتر بوو، ئەوكات پارتی چەپی سەوزیش فریاری سەركردایەتی هەدەپە ناكەوێت و دەبێت رێگەیەكی تر بدۆزنەوە.
بەگوێرەی ئەو داوا یاساییەی لەلایەن داواكاری گشتی توركیاوە دژی هەدەپە تۆمار كراوە، تەنیا داواكردنی داخستنی هەدەپە نییە، بەتۆمەتی ئەوەی باڵێكی سیاسی پەكەكەن لەناو پەرلەمانی توركیا، بەڵكوو قەدەغەكردنی سیاسەتیشە لە 500 ئەندامی هەدەپە.
ئەگەر دادگای دەستووری، بڕیار بدات قەدەغەی سیاسەت لەو 500 ئەندامەی هەدەپە جێبەجێ بكرێت، ئەوكات شتێك نامێنێتەوە لەباكوور بەناوی پارتی سیاسی كە لەناو پەرلەماندا بەهێز بێت، چونكە لەناو ئەو 500 ئەندامەدا، هەمو سەركردایەتی ئێستای هەدەپە و هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغیشی تێدایە.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، كە پارتێكی نەژادپەرست و دژە كوردە، بەئاشكرا گوتی، چۆن دەبێت هەدەپە دابخرێت و كەچی بچن لەژێر ناوی پارتێكی تردا سیاسەت بكەن، كەواتە هیچمان بەهیچ نەكرد.
ئەم گوتەیەی باخچەلی، پێمان دەڵێت كە ئەگەر نییەتی كۆت و بەندكردنی هەدەپە هەبێت، لە ئەندامەكانیان دەستپێدەكەن، بەتایبەت سەركردە باڵاكانیان، چونكە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا 9 پارتی كوردی لە توركیا دەمەزراوە و حەوتیان بەبڕیاری دادگا داخراوە، بەڵام سەركردەكان لەژێر پارتێكی تردا درێژەیان بە سیاسەتكردن داوە، كەواتە بەهێزكردنی پارتی چەپی سەوز، لەئێستادا گرنگە، بەڵام ئەگەر بڕیاری دادگا قورس بێت و قەدەغەی سیاسەت لە 500 ئەندامی هەدەپە جێبەجێ بكات، ئەوكات قورسایی ئەو پارتە كەم دەبێتەوە.
وەكوو ئەوەی باس دەكرێت، لە ماوەیەكی نزیكدا پارتی چەپی سەوز، دەچێتە ناو كۆنگرەوە، بریاریشە هەریەك لە سری سوورەیا ئۆندەر و مەڕاڵ دانش بێشتاش، ببنە هاوسەرۆكانی ئەو پارتە، ناوی هەردوو كەسایەتیش لەناو لیستی 500 كەسەدایە كە داوا كراوە سیاسەتیان لێ قەدەغە بكرێت، بۆیە ئەگەر ئەم سیناریۆیە روو بدات، پارتی چەپی سەوز بێ هاوسەرۆك دەمێنێتەوە، هەروەها دەیان سەركردایەتیشی دەبێت دەستبەرداری سیاسەت بن.
بەڵام ئەگەر بێت و لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، پارتی چەپی سەوز، بەربژێری لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا هەبێت، رەنگە نە هەدەپە دابخرێت و نە قەدەغەی سیاسەتیش لەسەر ئەو 500 كەسە جێبەجێ بكرێت، چونكە ئەوكات بەناڕاستەوخۆ پارتی چەپی سەوز، خزمەت بە ئاكەپە دەكات و بەربژێری ئۆپۆزسیۆن ناتوانێت لەو دوو شارە گەورەیە سەركەوتوو بێت، واتە رێككەوتنێكی ژێربەژێر لە نێوان هەدەپە و ئاكەپەدا بوونی دەبێت، بەوەی پارتی چەپی سەوز بەربژێری هەبێت، ئەوانیش شارەوانییەكانیان قەیووم ناكەن و قەدەغەی سیاسەتیش لەسەر ئەو كەسایەتیانە جێبەجێ ناكەن كە داواكاری گشتی داوای كردووە.
بەڵام ئەگەر پارتی چەپی سەوز، هەمان هەڵەی هەڵبژاردنی 14ی ئایار دووبارە بكەنەوە و پشتگیری لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكەن، ئەوكات ئەگەر زۆرە، هەدەپە دابخرێت و سەركردایەتی ئەو پارتەش سیاسەتیان لێ قەدەغە بکرێ.