به‌هۆی شه‌ڕی سوودانه‌وه‌ نزیكه‌ی 30 هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌و وڵاته‌ دزراون و یاخوود سووتاون

به‌ گوێره‌ی لێدوانی به‌رپرسانی سوودان، به‌هۆی به‌رده‌وامی شه‌ڕ له‌و وڵاته‌، تا ئێستا 30 هه‌زار ئۆتۆمبێل دزراون و یاخوود سووتاون.

ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه‌‌ شه‌ڕ له‌ نێوان سوپای حكومه‌ت له‌و وڵاته‌ و هێزه‌كانی پشتیوانی خێرا به‌رده‌وامه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوودان، تا ئێستا 30 هه‌زار ئۆتۆمبێل دزراون یاخوود به‌هۆی شه‌ڕ و هێرشه‌كانه‌وه‌ سوتێندراون.

وه‌زاره‌تی ناوخۆی سوودان ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات، ته‌نیا ‌ 16 هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌ خه‌رتوومی پایته‌ختی سوودان تێكشكاوه‌ و یان سوتاون، هه‌روه‌ها به‌ هه‌زاران ئۆتۆمبێلی دیه‌كش له‌ ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ له‌ناوچوونه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی میدیاكانی ناوخۆیی سوودان، له‌ دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ له‌و وڵاته‌، باندی چه‌كداری په‌یدابوون، كه‌ كاری دزینی ئۆتۆمبێل ده‌كه‌ن، تا ئه‌و ئاسته‌ی هه‌رچی كۆگای ئۆتۆمبێل هه‌ن، چۆڵكراوه‌ و ئۆتۆمبێله‌كان تێیدا دزراون.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن، له‌گه‌ڵ فراوانبوونی شه‌ڕ له‌ سوودان، خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ كاتێك له‌ ترسی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كان راده‌كه‌ن، ئۆتۆمبێله‌كانیان جێده‌هێڵن، بانده‌كانی دزی هه‌ڵده‌ستن به‌ دزینیان.

میدیاكانی سوودان ئه‌وه‌شیان خستووه‌ته‌ڕوو، به‌هۆی زۆربوونی ئۆتۆمبێلی تێكشاو، له‌ناوخۆی سوودان 100 پیشانگای فرۆشتنی ئۆتۆمبێلی كۆن و تێكشكاو دروستبوون.

شەڕی سوودان لە 15 نیسانەوە دەستیپێکردووە، لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کە تا ئێستا نزیکەی 5000 کەس کوژراون و 4.6 ملیۆن کەسیش لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتەکە ئاوارە بوون.

لە شاری خەرتوم، شەڕەکان لەو گەڕەکانە چڕبوونەتەوە کە دانیشتوانەکەیان بۆ ماوەی پێنج مانگە بەبێ ئاو و کارەباو و گەرمایەکی زۆر لەماڵەکانیان ژیان بەسەر دەبەن و خۆیان لە هێرشەکانی ئەو دوولایەنە دەپارێزن.

بەگوێرەی رێکخراوییە مرۆییەکان، زیاتر لە نیوەی سوودانییەکان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ بەردەوامبوون لە ژیان، لەگەڵ ئەوەی شەش ملیۆن کەسیش لە لێواری برسێتیدان.

بەگوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، شەڕ و برسێتی هەڕەشە لە سوودان دەکات و ناوچەکە دەخاتە ناو کارەساتێکی مرۆییەوە.