ئەمەریکا بۆ یەکەم جار مووشەکی پیتێندراو بە یۆرانیۆم رەوانەی ئۆکرانیا دەکات

سەربازێکی ئەمەریکی پشکنینی ئەو مووشەکانە دەکات کەرەوانەی ئۆکرانیا دەکرێن، ئیدارەی جۆو بایدن بۆ یەکەمجار تەقەمەنی کونکەری زرێپۆش کە یۆرانیۆمی تێدایە رەوانەی ئۆکرانیا دەکات.

بەگوێرەی بەڵگەنامەیەک کە ناوەڕۆکەکەی بە جیا لەلایەن دوو بەرپرسی ئەمەریکییەوە پشتڕاستکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە، ئیدارەی جۆو بایدن بۆ یەکەمجار تەقەمەنی کونکردنی زرێپۆش کە  یۆرانیۆمی تێدایە بۆ ئۆکرانیا دەنێرێت.

ئەم جۆرە مووشەکانە دەتوانن یارمەتیدەر بن بۆ لەناوبردنی تانکەکانی رووسیا، هەروەها بەشێکن لە پاکێجێکی نوێی هاوکاری سەربازی بۆ کیێڤ کە هەفتەی داهاتوو پەردەی لەسەر لادەدرێت.

ئەو تەقەمەنییانە لە تانکەکانی ئەبرامزی ئەمەریکییەوە دەتەقێنرێت، کە سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاندووە، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بگەیەنرێتە ئۆکرانیا.

یەکێک لە بەرپرسە ئەمەریکییەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاندووە، بەهای ئەو پاکێجە هاوکارییە نوێیە لە نێوان 240 بۆ 375 ملیۆن دۆلار دەبێت.

ئەو دوو بەرپرسە ئاماژەیان بەوەشکردووە، تا ئێستا بەها و ناوەڕۆکی پاکێجەکە دیاری نەکراوە.

هەرچەندە بەریتانیا لە سەرەتای ئەمساڵدا گوللـە تۆپی ناردووە کە یۆرانیۆمی تێدابووە، بەڵام ئەمە یەکەم بارکردنی ئەو جۆرە مووشەکانە دەبێت کە لەلایەن ئەمەریکاوە نێردراوە و پێدەچێت مشتومڕ دروست بکات. ئەمەش لە دوای بڕیارێکی پێشووی ئیدارەی بایدن دێت بۆ دابینکردنی تەقەمەنی کلاستەری ئۆکرانیا، سەرەڕای ترسی کاریگەریی ئەو چەکانە لەسەر خەڵکی مەدەنی.

بەکارهێنانی بۆمبی یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو، مشتومڕێکی زۆری لەسەرە، چونکە نەیارانی وەک هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ قەدەغەکردنی چەکی یۆرانیۆم، دەڵێن مەترسی تەندروستی جددی هەیە بەهۆی هەڵمژینی تۆزی یۆرانیۆمەکە، کە تووشی شێرپەنجە و کەموکوڕی لەدایکبوون دەبێت.

یۆرانیۆمی کەم پیتێنراو بەرهەمێکی لاوەکی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمە و لە مووشەکەکاندا بەکاردێت چونکە چڕی بەرزەکەی توانای ئەوەی بە مووشەکەکان دەبەخشێت کە بە ئاسانی بچنە ناو چینە زرێپۆشەکانەوە و خۆیان بتەقنەوە.

ئەمریکا لە ساڵانی 1990 و 2003 لە کاتی شەڕەکانی کەنداو و عێراق و لە کاتی بۆردومانی ناتۆ بۆ سەر یوگۆسلاڤیای پێشوو لە ساڵی 1999 بە ڕێژەیەکی زۆر یۆرانیۆمی کەم پیتێنراوی بەکارهێنا.