جۆزێپ بۆرێل: کودەتاکەی گابۆن کێشەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بارودۆخی گابۆن تاوتوێ دەکەن، ئەگەر کودەتا لەوێش پشتڕاست بکرێتەوە، ئەمە دەبێتە هۆی نائارامی زیاتر لە ناوچەکەدا.

جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری یەکێتی ئەوروپا لە شاری تۆلیدۆی ئیسپانیا قسەی کردو گوتی: ئەگەر ئەمە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەوە کودەتایەکی دیکەی سەربازی دەبێت کە ناسەقامگیری لە تەواوی ناوچەکەدا زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، “تەواوی هەرێمەکە لە کۆماری ئەفریقای ناوەڕاستەوە دەست پێدەکات، پاشان مالی، بورکینافاسۆ، ئێستا نەیجەر و هەروەها گابۆن، لە دۆخێکی زۆر سەختدایە و بە دڵنیاییەوە وەزیرەکان بە قووڵی سەیری ئەو بابەتە دەکەن کە لەوێ چی روودەدات و چۆن لێی بڕوانین، ئەمە کێشەیەکی گەورەیە بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

کودەتا سەربازییەکەی گابۆن تەنها چەند هەفتەیەک دوای کودەتا سەربازییەکەی نەیجەر دێت کە پاسەوانانی سەرۆکایەتی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت و ئەنجومەنی سەربازی دەسەڵاتداریان پێکهێنا محەممەد بازوم سەرۆکی وڵاتیان دەستگیر کرد.

لای خۆیەوە، ئەلیزابێس بۆرن، سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ دۆخی گابۆن دەکات.

گروپێک لە ئەفسەرانی باڵای سوپای گابۆن سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە کەناڵی فەرمی وڵاتەوە دەرکەوتن و دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵاتیان راگەیاند، ئەمەش دوای ماوەیەکی کەم لە راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گابۆن لەلایەن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانەوە، کە عەلی بۆنگۆی سەرۆک کۆماری گابۆن بۆ جاری سێیەم هەڵبژێردرایەوە.