كارزان گلی – ههولێر
دوو هۆكار وایان كرد، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)، بچێتە ناو كۆنگرەوە، یەكەمیان ئەو شكستە بوو كە لە هەڵبژاردنی 14ی ئایار دووچاری بوون؛ هەروەها مەترسی داخستنی هەدەپەش، وای كرد ئەو پارتە قورسایی خۆی بباتە ناو پارتی چەپی سەوز هەدەپە، چوارەمین كۆنگرەی خۆی لە ئەنكەرا گرت، لەوێدا دوو هاوسەرۆكی تازە هاتنە شوێنی پەروین بوڵدان و مەدحەت سانجار، ئەوانیش (سوڵتان ئۆزجان و جاهید كركەزاك) بوون، بەڵام قورسایی هەدەپە، ئیدی لەناو پارتی چەپی سەوزدایە. هەدەپە، لە ترسی ئەوەی ئەگەر هەیە دادگای دەستووری توركیا دایبخات، بۆیە لە كۆنگرەدا چەندین گۆڕانكاریی کرد، لەوانە دانانی دوو هاوسەرۆكی تازە و هەروەها كەمكردنەوەی ئەندامانی سەركردایەتی لە 100 ئەندامەوە بۆ 50. ئەوەی گرنگ بوو لەو كۆنگرەیەدا، هەدەپە، قورسایی جارانی نامێنێت، بەڵكو وەكو ئەوەی سانجار باسی كرد، ئیدی قورسایی هەدەپە دەچێتە ناو پارتی چەپی سەوز، بەڵام ئاماژەی دا كە هەدەپەش هەر وەكو پارتێكی گەورەی سیاسی دەمێنێتەوە. بوڵدان لە وتارێكدا گوتی: ”ئێمە لێرە گۆنگرەیەكی بچووكمان گرت، ئاگاداری ئەوەشین كە گەڕاوینەتەوە بۆ ئەوەی گۆڕانكاری ئەنجام بدەین. خەباتی ئێمە لە هەموو شوێنێكە، لە مەیدانەكاندایە و لە شەقامەكان و لەناو جوتیاران و زیندان و دادگاكاندایە، هەروەها لەناو هەموو ئەو مرۆڤانەین كە دیموكراسیخوازن.“ هەروەها مەدحەت سانجار، لە وتارێكدا ئاماژەیدا، كە بەرپرسیارییەتی هەموومانە پارێزگاری لەو درەختەی هەدەپە بكەین تا وشك نەبێت. ئەو گوتی: ”قەرزە لەسەر هەموومان، كە لە چەند لایەنێكەوە هەوڵی لەناوبردنی هەدەپە دەدەن و ئێمەش رێگە لەو رەشەبایە بگرین و نەیەڵێن درەختی هەدەپە وشك ببێت.“ هەدەپە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2018، توانی 67 كورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام لە 2023، ژمارەی كورسییەكانی بۆ 61 كەم بووەوە، ئەمەش كاتێكدا بوو، هەدەپە بەنیاز بوو، ژمارەی كورسییەكانی بگەیەنێتە 100 كورسی پەرلەمان، بۆیە بوڵدان لە وتارەكەیدا، دانی بەو شكستەدا نا و گوتی، بۆیە هاتوین گۆڕانكاری دەكەین، چونكە ئەنجامی هەڵبژاردن مایەی قبوڵكردنی هەدەپە و لایەنگرانی نەبوو. ئیدی هەدەپە، وەكوو پارت بوونی هەیە و خاوەن ئەندام و لایەنكری خۆیەتی، بەڵام قورسایی ئەو پارتە دەچێتە ناو پارتی چەپی سەوز، لەناو پەرلەمانیش پارتی چەپی سەوز خاوەنی 61 كورسییە، ئەم پلانەی هەدەپەش بۆ ئەوەیە، ئەگەر هەدەپە دابخرێت، دووچاری شۆك نەبن و لەناو پارتی چەپی سەوزدا درێژە بەسیاسەت بدەن. رەنگە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا، پارتی چەپی سەوز، بچێتە ناو كۆنگرەوە و دەنگۆ هەیە، سری سورەیا ئۆندەر و مەڕاڵ دانش بێشتاش، ببنە هاوسەرۆكی پارتی چەپی سەوز. لە كۆنگرەی پارتی چەپی سەوزدا، سەركردایەتییەكی تازە دادەنرێت، سەركردایەتییەكەش لەو كەسانە پێكدێن، كە رۆڵی گەورەیان هەبووە لە بەرەوپێشچوونی هەدەپە، ئەوان دەیانەوێت پارتی چەپی سەوزیش بەرەو پێشەوە ببەن، بەڵام دیار نییە، ئاخۆ سەلاحەدین دەمیرتاش، هیچ رۆڵێكی پێدەدرێت یان فەرامۆش دەكرێت، چونكە یەكێك لەو گلەیی و رەخنانەی دەمیرتاش لە هەدەپەی هەبوو، فەرامۆشكردنی بووە لەلایەن سەركردایەتی ئەو پارتە و گوتی ”پەیامەكانی منیان وەكوو پێویست گوێ پێنەدا، بۆیە دووچاری ئەو شكستە بوون. “