ئۆجەلان داوای كردووە پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی بكەن

لەو ڕۆژەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، خراوەتە زیندانەوە، پەیامەكانی لەلایەن قەندیلەوە بەهەند وەرناگیرێن، تەنانەت زۆرجار ئۆجەلان نیگەرانیی خۆی لەو ڕووەوە دەربڕیوە. لەبارەی پرسی چارەسەرییش، وەكو پێویست بۆچوون و تێزەكانی ئۆجەلان لەلایەن قەندیلەوە پێشوازی لێ نەكراوە.

ئۆجەلان، وەكو سەرۆك ناوێكی گرنگە لەلای پەكەكە، هەروەها قەندیلیش دووپاتی دەكەنەوە، یەك سەرۆكیان هەیە، ئەویش ئۆجەلانە، بەڵام بۆچوونەكانی وەكو پێویست بەهەند وەرناگیرێت.
بەشێك لە نووسەرانی توركیا، ئەوانەی خەمخۆری پرسی چارەسەرین، پێیان وایە بۆ ئەوەی پرسی كورد لە توركیا بگاتە خاڵی كۆتایی و ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە، دەبێت لە دەرگای ئیمیراڵی بدرێت، بۆیە زۆرجار لەو دەرگایە دراوە و ئۆجەلانیش بە تێزی خۆی بەشداری تێدا كردووە.
ئاڵتان تان، ناوێكی دیاری ناو دونیای سیاسییە لە باكووری كوردستان، سێ خول پەرلەمانتار بووە، بەڵام بەهۆی بۆچوونی تایبەت بەخۆی، هەدەپە، دوو خول دەبێت نایكاتە بەربژێر و فەرامۆش كراوە، ئەو یەكێك بوو لەوانەی چەند جارێك لە ئیمیراڵی سەردانی ئۆجەلانی كردووە.
تان، لە دیمانەیەكدا لەبارەی ئەوەی بۆچی پرسی چارەسەری لە توركیا گەیشتە بنبەست؟ پێی وایە حكوومەتی توركیا و پەكەكە لێی بەرپرسن، چونكە رێككەوتنێك لە نێوان ئۆجەلان و حكوومەتی توركیا لەوڕووەوە كرابوو، بەڵام رێككەوتنەكە لەبار بردرا.
تان، باس لەوە دەكات، ئۆجەلان لە ئیمیراڵی پێی گوتووە، لەگەڵ حكوومەتی توركیا لەسەر چەند مادەیەك پێک هاتوین و بۆیە دەبێت جێبەجێ بكرێت، تا پرسی كورد لە توركیا چارەسەر بكرێت.

ئەو مادانەی ئۆجەلان بۆ تانی باس كردووە ئەمانەن:
یەكەم/ دەبێت پەكەكە هەموو چالاكییە سەربازییەكانی لە توركیا رابگرێت.
دووەم/ دەبێت پەكەكە، تەواوی هێزەكانی بخاتە درەوەی خاكی توركیا.
سێیەم/ دەبێت، لە دەستووری توركیادا دان بە مافی كورددا بنرێت، وەكوو خوێندن بە زمانی كوردی و هەروەها گێڕانەوەی ئەو ناوانەی پێشتر كوردی بوون و بەتوركی كراون.
چوارەم/ دەبێت هەموو زیندانییە سیاسییەكان لە توركیا ئازاد بكرێن و داوای لێبوردنیان بۆ دەربگرێت.
بەڵام كاتێك تان لە ئۆجەلانی پرسیوە، ئەی باس لەوە نەكراوە تۆ ئازاد بكرێیت؟ ئۆجەلان گووتویەتی واز لەمن بهێنن، ئەگەر ئەو مادانە جێبەجێ بكرێت، هەموومان ئازاد دەبین.
بەڵام قەندیل بۆچوون و ئەو رێككەوتنەی ئۆجەلان لەگەڵ حكوومەتدا كردوویەتی بەهەندی وەرنەگرتووە، بۆیە شەڕی خەندەق دەستیپێكرد و ئۆجەلانیش زۆر نیگەران بووە.
هەدەپە، لە هەڵبژاردنی 2015، توانیی 80 كورسی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو كرانەوەیە بووە، كە لە نێوان ئۆجەلان و حكوومەتدا روویداوە، بەوەی رێگە درا هەدەپە، بەئاشكرا و بەبێ ترس و سانسۆر سیاسەت بكات، تا بتوانێت وەكوو پارت بچێتە پەرلەمانەوە، بەڵام شەڕی خەندەق هەموو شتێكی لەبار برد.
دەبێت باس لەوەش بكرێت، ئایە ئۆجەلان لەگەڵ ئەوەدا بووە، توركیا لە سیستەمی پەرلەمانییەوە ببێتە سیستەمی سەرۆكایەتیی؟
ئاڵتان تان، دەڵێت بۆ خۆم لە ئۆجەلانم پرسی، ئایە پێت باشە هەدەپە، پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی بكات؟ ئۆجەلان گوتوویەتی، بەڵێ یەكێك لەو مادانەی باس كراوە، دەبێت كورد پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتیی بكات.
بینیمان هەدەپە چۆن دژی سیستەمی سەرۆكایەتیی وەستایەوە، تەنانەت ئەوكات چەند شڕۆڤەكارێك باسیان لەوە كرد، قەندیل داوای لە هەدەپە كردووە، بەهەموو شێوەیەك دژی سیستەمی سەرۆكایەتیی بن، بۆیە نێوانی حكوومەت و هەدەپە، بەتەواوی تێكچوو، تا گەیشتە ئەوەی دەرگای زیندان بۆ 11 پەرلەمانتاری هەدەپە كرایەوە، لە نێوانیاندا هاوسەرۆكانی ئەوكاتی هەدەپە (سەلاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغی) تێدا بوو.
زۆرجار چەند نووسەرێكی سەر بە پەكەكە، بەشێوەی ناڕاستەوخۆ دان بەوەدا دەنێن، كە پەیامەكانی ئۆجەلان نابێت بە هەند وەربگیرێت، چونكە ئەو لە زیندانە و ئاگاداری رەوشی پەكەكە و كورد نییە، بۆیە نابێت ئۆجەلان بەكاربهێنرێت.
بەڵام ئەم بەهانەیە لاوازە، چونكە ئۆجەلان، بەتەواوی ئاگاداری پرسە سیاسییەكانە و كاتێك لەگەڵ بەرپرسانی هەدەپە كۆبووەوە لەسەروبەندی پرسی چارەسەری، ئەوكات چەندین رێنمایی و تێزی پێشكەش بەوان كرد، واتە لە پرسی چارەسەریدا، ئۆجەلان رۆڵی گرنگی پێ درا.
وەكو ئەوەی زانراوە، ئۆجەلان نیگەرانە و گوتوویەتی هەر لە سەرەتاوە گوتوومە بەكارممەهێنن ئەگەر بۆچوونەكانم بەهەند وەرناگیرێت، بۆیە ماوەیەكی زۆرە هیچ پەیامێكی لە زیندانەوە لەبارەی پرسی كورد و پەكەكەوە نییە.