بۆ حەفتەمین رۆژ لەسەریەک خۆپیشاندان لە شاری ئەلسوەیدا لە باشووری سووریا، بەهۆی تێکچوونی باری گوزەرانی هاووڵاتیان بەردەوامە، ئەمەش لە کاتێکدایە بە برزکردنەوەی دروشمی سیاسی هێرشیان کردە سەر حکومەتی بەشار ئەسەد، داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوەکانیان دەکرد، بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان.
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی ئەلسیر/ئەلکەرامە لە ناوەندی شاری ئەلسوەیدا دروشمیان دەگوتەوە و داوای رووخاندنی رژێمیان لە دیمەشق کردووە، هەروەها دروشمی هاوسۆزییان لەگەڵ شارەکانی، رەقە و حەلە و ئیدلب دەگوتەوە.
روونیشیکردەوە، خۆپیشاندانی ناڕەزایەتی لە گۆڕەپانی ئەلسیر بە ئامادەبوونی سەدان هاوڵاتی دانیشتووی شاری ئەلسوەیدا و گوند و شارۆچکەکانی دەوروبەری بەڕێوەچوو، گوتیشی: داوای باشترکردنی دۆخی ژیان دەکەن، هەروەها لە ناوچەی سەلخاد لە لادێکانی ئەلسوەیداش خۆپیشاندەران داوای رووخاندنی رژێمی سووریا و وەڵامدانەوەی داواکارییە دادپەروەرەکانیان دەکەن.
لای خۆیەوە، تۆڕی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە پەیوەندی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی ناوچەکانی حکومەتی سووریا، لانیکەم 57 کەسیان دەستگیر کردووە کە 11یان ژن بوونە، هەروەها لە سەرەتای مانگی ئابەوە، ناڕەزایەتیی مەدەنی ئاشتیانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا ئەنجام دەدرێت، کە بە هۆکاری تێکچوونی بارودۆخی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی وڵاتەکە دەزانێت.
بەشێوەیەکی گشتی لە سوریا دۆخێکی قورس بەرۆکی هاووڵاتیانی گرتووە، بەشێوەیەک کە بە بڕیاری حکومەت نرخی سوتەمەنی بەڕێژەی 150 بۆ 200%، بەرزکراوەتەوە. لە دوای دەرچوونی ئەم بڕیارەش لە ئەلسوەیدا خۆپیشاندان دەستی پێکرد و مانگرتنی گشتی لە یەکشەممەی رابردووەوە راگەیەندرا.
تا ئێستا هیچ وڵامێکی روونی فەرمی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەو ناڕەزایەتیانە نەدراوەتەوە، هاوکات میدیا نافەرمییەکانیش هەوڵیانداوە ڤیدیۆکانی چالاکوانان و و شیکەرەوەکانی چالاکانی نزیک لە ڕێژیم بڵاوبکەنەوە و خۆپیشاندەرانی ئەلسوەیدا بە تائیفەگەری تۆمەتبار دەکەن.