وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا: گرووپی ڤاگنەر دوای مردنی پریگۆژین تێکشکاوە

وەزیری بەرگری ئۆکرانیا رایدەگەیەنێت، لەدوای مردنی سەرۆکەکەیانەوە گروپی ڤاگنەر تێکشکاوە و مردنی پیرگۆژین ئەوەی دەرخست، پوتن متمانەی پێ ناکرێت.

لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، ئۆلێکسی رێزنیکۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەدوای مردنی یێڤگینی پریگۆژین، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر، ئەو گرووپە تێکشکاوە و هێزی جارانی نەماوە.

وەکو ئەوەی وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا باسی کرد، مردنی پیرگۆژین ئەوەی دەرخست، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا “متمانەی پێناکرێت و هەرکاتێک بیەوێت بەڵێن و پەیمانەکانی دەشکێنێت”.

بە گوتەی وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، رۆژ لە دوای رۆژ  ژماره‌ی ئەو کەسانەی لە ده‌وری سەرۆکی رووسیا کۆبوونەتەوە کەمدەبێتەوە.

رۆژی چوارشەممە 23ـی ئابی 2023، سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر و نۆ کەسی دیکە لەکاتی چوونیان لەرێگەی فرۆکەیەکی تایبەتەوە لە مۆسکۆوە بۆ شاری سەینت پێترسبێرگ، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا. دوای رووداوەکە میدیاکانی نزیک لە گرووپەکە سەرۆکی رووسیایان بە کوشتنی پریگۆژین تۆمەتبارکرد و کریملنیش ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

لەلایەکی دیکەوە، پات رایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) رایگەیاند، “هەڵسەنگاندنی سەرەتاییەکانمان دەریدەخەن، یەڤگینی پریگۆژین، فەرماندەی گرووپی ڤاگنەر کوژراوە”، هاوکات ئاماژەی بەوەشدا، “تا ئێستا هیچ زانیارییەکمان بۆ پشتڕاستکردنەوەی راپۆرتی ئاژانسەکانی راگەیاندن سەبارەت بە خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە رێگەی هێرشی مووشەکی زەمینی بۆ ئاسمان نییە”.