هێزی دەریایی ئەمەریکا رایگەیاند، فڕۆکەوانێکی سەربازی ئەمەریکی لە نزیک بنکەیەکی هێزی دەریایی لە سان دیێگۆ لە رووداوێکی کەوتنەخوارەوەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها لێکۆڵینەوەی لەسەر کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە دەستی پێکردووە.
هێزی دەریایی ئەمەریکا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، فڕۆکەوانێکی سەربازی ئەمەریکی لە ناو فڕۆکەی F/A-18 Hornet کەوتووەتە خوارەوە .
ئاماژە بەوەشکراوە، تەرمی فڕۆکەوانەکە لەلایەن کارمەندانی گەڕان و فریاگوزاری لە نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە، لە تەنیشت بنکەی هێزی ئاسمانی هێزی دەریایی میرامار، دۆزراوەتەوە. دەشڵێت، تا خێزانەکەی ئاگادار نەکرێتەوە ناسنامەی فڕۆکەوانەکە ئاشکرا ناکرێت.
کەناڵی ئەی بی سی نیوز لە زاری بەرپرسێکی بەرگرییەوە کە ناوی نەهێنراوە رایگەیاندووە، فڕۆکەکە لە گەشتێکی مەشق و ڕاهێناندا بووە و فڕۆکەوانەکەش بەتەنها بووە.