بریکس گفتوگۆی لابردنی هەژموونی دۆلار دەکات

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی “بریکس” لە ئەفریقای باشوور دەستپێدەکات و گفتوگۆی دانانی سنوورێک بۆ هەژموونی دۆلار بەسەر بازاڕەکانی جیهانەوە دەکات.

کۆبوونەوەی وڵاتانی بریکس ئەمڕۆ سێشەممە 22-8-2023 لە یۆهانسبێرگی پایتەختی ئەفریقای باشوور بەڕێوەدەچێت و ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت،  هەریەکە لە سەرۆکی وڵاتەکانی چین، هیندستان، بەرازیل و ئەفریقای باشوور بەشداری دەکەن.

ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا بەهۆی بڕیاری دادگەی تاوانی نێودەوڵەتییەوە لە رێگەی  ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەشداری دەکات و سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوە  نوێنەرایەتی پوتن دەکاتە لەنێو کۆبوونەوەکە.

ئەجێندای سەرەکی لوتکەکە بۆ گفتوگۆکردنە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندی ئابووری و فراوانکردنی بریکس و وەرگرتنی ئەندامی زیاتر، کە زیاتر لە 40 وڵات به‌ئومێدی ئه‌وه‌ن ببن به‌ ئەندامی کۆمەڵەکە، لەوانەش ئێران، سعوودیە،  ئیمارات و میسر.

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا بیرۆکەی کەمکردنەوەی هەژموونی دۆلار لەسەر سیستەمی پارەدانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە باسی لێوەدەکرێتەوە، ئەوەش دوای بەرزکردنەوەی رێژەی سووی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا و سەپاندنی سزای دارایی بەسەر رووسیا بەهۆی شەڕی ئۆکرانیاوە.

هەرچەندە بەشێک لە وڵاتان بەردەوام باس لە کۆتایهاتنی هەژموونی دۆلار دەکەن، بەڵام رۆژنامەی”وۆڵ ستریت” جۆرناڵی ئەمەریکی پێیوایە لە ئێستادا هیچ کێبڕکێیەکی جدی بەرامبەر دۆلار نییە، چونکە بە گوێرەی ئامارەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی نزیکەی لە سەدا 60ـی یەدەگی دراوی جیهان بە دۆلارە و لەسەدا 88ـی مامەڵە نێودەوڵەتییەکانیش هەر بە دۆلارە.

پێشتر رووسیا پێشنیازی دراوێکی هاوبەشی کردبوو، کە  پشتبەستنی بە زێر رێژەیی بێت، بەڵام بە گوێرەی پارێزگاری بانکی یەدەگی ئەفریقای باشوور کە بە سایتی بلومبێرگی راگەیاندووە، دروستکردنی هەر دراوێکی هاوبەش پێویستی بە بانکی ناوەندی هەیە، کە ئەوەش بەهۆی کێبڕکێ و گرژییە سنوورییەکانی نێوان چین و هیندستانەوە دوورە جێبەجێبکرێت.

ناوی بریکس لە پیتی یەکەمی ئەندامانی کۆمەڵەوە  بە زمانی ئینگلیزی وەرگیراوە: بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین، ئەفریقای بشوور.

کۆمەڵەی بریکس گرنگییەکی زۆری هەیە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی جیهانی، بەهۆی ئەوەی ئەندامەکانی زیاتر لە سەدا 42ـی دانیشتووانی جیهان و لە سەدا 23ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆی جیهانی پێکدەهێنن لەگەڵ لە سەدا 18ـی بازرگانی جیهانی.