توێژەرانی پەیمانگای پێشکەوتووی زانست و تەکنەلۆژیای کۆریا، رۆبۆتێك دروست دەکەن کە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد توانای فڕاندنی فڕۆکەی هەیە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی (euronews)، رۆبۆتەکە توانای هەڵگرتنی ژمارەیەکی زۆر داتای هەیە و دەتوانێت هەموو هێڵکارییەکانی گەشتیاری تایبەت بە فڕۆکەوانی لەبەر بکات.
رۆبۆتەکە ناوی پیبۆتە و درێژییەکەی 160 سانتیمەترە و بارستایی 65 کیلۆگرامە، بۆ کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکانیش، پێویست بە هیچ گۆڕانکارییەک لەنێو فڕۆکەکاندا ناکات.
بە گوتەی دروستکەرانی رۆبۆتەکە، پیبۆت لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا توانای وەڵامدانەوەی لە فڕۆکەوانێکی ئاسایی زیاترە.
بیرۆکەی دروستکردنی ئەم فڕۆکەیە، بۆئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەبری ئەوەی سەرلەنوێ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دروست بکرێت، رۆبۆتێک دروست بکرێت کە توانای کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکانی ئێستای هەبێت.
جیاوازی ئەم رۆبۆتە فڕۆکەوانە لەگەڵ فڕۆکەوانی ئاسایی ئەوەیە، رۆبۆتەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ژیری دەستکرد و تەنیا بە یەک کلیک دەتوانێت هەر فڕۆکەیەک بیەوێت بیفڕێنێت، لەکاتێکدا فڕۆکەوانی ئاسایی لەگەڵ گۆڕینی فڕۆکەکەی دەبێت راهێنانی نوێ وەربگرێت، ئەمەش کاتێکی زۆر و تێچوویەکی زیاتری دەوێت.
دەیڤد شیم، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە بەشی ئەندازیاری کارەبا لە پەیمانگای پێشکەوتووی زانست و تەکنەلۆژیای کۆریا دەڵێت: پیبۆت رۆبۆتێکی مرۆییە کە دەتوانێت وەک فڕۆکەوانێکی ئاسایی فڕۆکە بفڕێنێت.
پرۆژەی پەرەپێدانی رۆبۆتی (پیبۆت) لە چوارچێوەی گرێبەستێکدایە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری کۆریای باشوور و پێشبینی دەکرێت رۆبۆتە فڕۆکەوانەکە تا ساڵی 2026 بە فەرمی بۆ مەبەستی سەربازی بەکاربهێندرێت.