سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

کۆبوونەوەی ئاكەپە و هەدەپە بە نهێنی, بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان رێككەوتن دەكەن

كارزان گلی – هه‌ولێر

ئاكەپە، بە هەر شێوەیەک بێت دەیەوێت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، شارەوانی ئیستانبۆڵ بباتەوە، بۆ ئەمەشیان پێویست دەكات پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان پەرتەوازە بكات و نەیەڵێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەتێكدا لە یەكتری نزیك ببنەوە، لە بەرامبەردا ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵ، هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە تا پارتەكانی ئۆپۆزسیۆن لە چوارچێوەی یەك هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان كۆ بكاتەوە. هەر ئەمەش هۆكارە كە ئاكەپە، بەنهێنی لەگەڵ هەدەپەدا كۆبووەتەوە و باسیان لە هەڵبژاردنی شارەوانیی كردووە.

رۆژنامەنووس (نورای باباجان)، لە بەدواداچوونێكدا ئاشكرای دەكات، لەپشتی پەردە و بەشێوەی نهێنی ئاكەپە و هەدەپە كۆبوونەتەوە.
نورای بۆ رۆژنامەی (پەنجەرە) دەنووسێت: ”ئەوەی تا ئێستا زانراوە، مامەڵەكە بەو شێوەیەیە، ئاكەپە گوتوویەتی، ئێوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، پشتگیری لە بەربژێری جەهەپە مەكەن، لە بەرامبەردا ئاكەپە بەهیچ شێوەیەك ئەو شارەوانییانەی دەیبەنەوە قەیوومی ناكات.“
هەروەها باسیان لەوەش كردووە، بۆ ئەوەی مەهەپەی هاوپەیمانیی ئاكەپە نیگەران نەبێت، پێویست دەكات رێككەوتنەكان نهێنی بن.
ئەم پلانەی ئاكەپە روونە، دەیەوێت ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازە بكات، تاكە رێگەش لەبەردەمیدا نزیكبوونەوەیەتی لەگەڵ هەدەپە، چونكە پارتی خاس، بە پیل ئەو داوایەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەوە نەچوو، كاتێك داوای لێكرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا با ببینە دوو دراوسێ، بەڵام پارتی خاس رەتیكردەوە.
ئەمیرعەلی توركمەن، یاریدەدەری هاوسەرۆكی هەدەپە، بەئاشكرا پەیامی بۆ جەهەپە نارد و دەڵێت، ئیدی ئەو هەڵەیە دووبارە ناكەینەوە كە لە هەڵبژاردنی ١٤ـی ئایار كردمان، هەروەها دەڵێت ”ئایە دەكرێت لە هەمان ئاودا دووجار خۆمان بشۆین؟“
نازانرێت ئەو لێدوانەی توركمەن، دوای ئەوە هاتووە كە كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئاكەپەدا كردووە، یان ئەوە ستراتیژییەتی هەدەپەیە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی شارەوانییەكان كە حەوت مانگی ماوە.
هەدەپە، لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ١٤ـی ئایار، بەبێ هیچ مەرجێك پشتگیری لە كەمال كلیچدارئۆغڵو، هاوپەیمانیی میللەت كرد، ئەمەش ناڕەزایی زۆری لێ كەوتەوە و لایەنگرانی ئەو پارتە لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا بایكۆتیان كرد، بەمەش كلیچدارئۆغڵو لە باكووری كوردستان زیاتر لە یەك ملیۆن دەنگ كەمی كرد.
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، دەبێتەوە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بۆ ئیستانبۆڵ، رەنگە سەركەوتوو بێت لەوەی پارتی خاس رازی بكات دەنگی پێ بدەن، چونكە مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، یەكێك لە ناكۆكییەكانی لەگەڵ كلیچدارئۆغڵو ئەوەبوو، كە دەیگوت پێویست دەكات ئیمامئۆغڵو ببێتە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی، بۆیە نزیكبوونەوەیەكی زۆر لەنێوان ئاكشەنەر و ئیمامئۆغڵودا هەیە.
بەڵام ئەگەر هەدەپە، دەنگ بە ئیمامئۆغڵو نەدات، بردنەوەی مسۆگەر نابێت، ئەگەر دەنگیش بە بەربژێری ئاكەپە بدات، بردنەوەی شارەوانیی ئیستانبۆڵ بۆ ئاكەپە مسۆگەر دەبێت.
سیناریۆی رێككەوتنی ئاكەپە و هەدەپە، بە جۆرێكە، هەدەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، لە ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەدەنا، بەربژێری خۆی دەبێت، كاتێك بەربژێری خۆی هەبێت، دەنگەكانی بۆ بەربژێری ئۆپۆزسیۆن ناچێت، بەمەش رێگە خۆش دەكات بۆ بەربژێری ئاكەپە، تا بەئاسانی بتوانێت شارەوانییەكانی ئەنكەرا و ئیستانبۆڵ بباتەوە.
هەدەپە لەدوای كۆنگرەی پارتەكەی كە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا ئەنجامی دەدات، بە تەواوی پلانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ئاشكرا دەكات