كۆلۆمبیا و فارک، توركیا و پەکەکە

كارزان گلی – هه‌ولێر

ماوەی ٥٢ ساڵ شەڕی بزووتنەوەی فارک و حکومەتی كۆلۆمبیا بەردەوام بوو، بەڵام خۆشبەختانە دوای ٤ ساڵ دانوستان كە کاسترۆ سەرۆکی كوبا نێوبژیوانیەکەی دەكرد، ئاشتی جێگای فیشەکی گرت و، بزووتنەوەی فارک چەکیان فڕێ دا و دەستیان کرد بە خەباتی مەدەنی و، وەکو پارتێکی سیاسی چوونە پەرلەمانی کۆلۆمبیا.

دەكرێت كێشەی كورد لە توركیا بە كێشەی فارك لە كۆلۆمبیا بچوێنین، ئەوانیش بە هەمان شێوەی پەكەكە بزوتنەوەیەكیان بە ناوی فارك دامەزراند و بڕیاریان دابوو خەباتی چەكداری بكەن، ٥٢ ساڵیش شەڕیان کرد و ٢٢٦٠٠٠ كەسیش لەو بەینەدا كوژران و، ٨ملیۆن هاووڵاتیش ماڵو حاڵیان لێ تێک چوو، لانەواز و ئاوارە کەوتن.
کە ٢ لایەنەکە بڕیاریان دا دانوستان بكەن و ئاشتی جێگەی شەڕ بگرێتەوە، هەردوو لا مەیلی ئاشتییان هەبوو؛ كەس نەیدەویست ئەوی دیكە هەڵخەڵەتێنێت، ئەوان بێزار ببوون لە شەڕ و بڕیاریان دابوو بۆ خۆشگوزەرانی هاووڵاتیانیان ئاشتی بهێننە ئاراوە. ئەنجام لە ڕێوڕەسمێکی گەورەدا پەیمانی بڕینەوەی شەڕیان واژۆ كرد.
ئەی بۆچی توركیایش بە هەمان شێوەی كۆلۆمبیا لە بری گوللە قەڵەمی ئاشتی ناهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ؟ ئەی بۆچی پەكەكەیش وەكو بزوتنەوەی فارك نایەوێت چەك دابنێت و لەناو پەرلەمانی توركیا خەباتی سیاسی بكات؟ هۆكارەكەی روونە ئەوان مەیلی ئاشتییان هەبوو؛ توركیا و پەكەكەیش مەیلی شەڕ. كاتێك كۆڵۆمبیا و فارك ویستیان دانوستان بكەن، یەكترییان هەڵنەخەڵەتاند، بەڵكو دەستی ئاشتییان بۆ یەكتری درێژ دەكرد، بەڵام پەكەكە و توركیا لە قۆتاغی پرسی چارەسەریدا یەكترییان هەڵخەڵەتاند و تەنیا ویستیان لە هەڵبژاردندا دەنگی زیاتری پێ كۆبكەنەوە. من پیشتریش لە وتارێكدا باسم كردبوو دانوستان ناكرێت ئەگەر ٢ لایەنی دانوستانەكە بڕوایان بە یەكتری نەبێت. توركیا چەند بڕوای بە پەكەكە نەبووبێت، پەكەكەیش دوو هێندە بڕوای بە توركیا نەبووە.
رەنگە زۆرێك وا بیر بكەنەوە كە كۆلۆمبیا و توركیا لێك جیاوازن و دوو كولتوور و دوو ناوچەی جوگرافیایی، بەڵام راستییەكەی وا نییە و ئاشتی لە هەموو كلتوور و جوگرافیایەكدا وەكو یەك وایە، تەنیا یەك شتی دەوێت ئەویش ئیرادەی بە هێزی.
كۆلۆمبیا و فارك دوای ٤ ساڵ دانوستان توانییان شەڕ بوەستێنن و فارك چەك فڕێ بدات. ئیرلەندای باكوور و بەریتانیا دوای ١٨ ساڵ دانوستان گەیشتنە ئەنجام و هێزەكانی ئیرلەندای باكوور چەكیان فڕێ دا و مافی رەوای خۆی بە ئاشتیانە وەربگرێت. بەڵام پەكەكە و توركیا 32 ساڵە شەڕی یەكتری دەكەن و چەندین جار دانووستاندنیان كردوە بۆ ئەوەی پەكەكە چەك فڕێ بدات و توركیاش دەستوور بگۆڕێت و مافی كوردی تێدا مسۆگەر بكات، بەڵام ئەنجامی نەبوە.
ئیتر كاتیەتی توركیا و پەكەكەیش بە دوای ئەو هۆكارانەدا بگەڕێن كە بۆچی كۆلۆمبیا و بەریتانیا دوای شەڕێكی زۆر و ٣ ئەوەندەی شەڕی نێوان پەكەكە و توركیا لە یەكتریان كوشت و گەیشتنە رێككەوتن بۆ ئەوان ناگەن بە هیچ رێككەوتنێك؟
ئەگەر هۆكارەكان دیاری بكرێت و ئیرادەیەكی بە هێز هەبێت بۆ چارەسەركردنی، ئیدی ئەوانیش وەكو كۆلۆمبیا و ئیرلەندای باكوور، لە بری ئەوەی گوولە بە یەكترییەوە بنێن، بە پێچەوانەوە گوللەكان دەكەن بە قەڵەم و ئیمزای ئاشتی پێ دەكەن.

پاشخان
ــ فارک (به ئیسپانیایی: Fuerzas Armadas Revolucionarias de Colombia) واتە هێزی چەکداری شۆڕشگێڕانی كۆلۆمبیا.
_ ساڵی 1964 فارك وەكو باڵێكی سەربازی پارتی كۆمەنیست خۆی ناساند.
ــ سالی 2002 ئەو بزووتنەوەیە توانیی ژمارەی چەکدارەکانی بۆ بیستهەزار سەرباز بەرز بكاتەوە؛ ئەو کاتە سێهەک (یەک لەسەر سیێ)ـی خاكی كۆلۆمبیای گرتبوو.
ــ ساڵی 2008 بۆ فارك خراپترین و ناخۆشترین ساڵ بوو، چونكە لە زۆربەی شەڕەكاندا شكستی هێنا.
ــ ساڵی 2012 لە شاری هاڤانە بە ناوبژیوانیی نەتەوە یەكگرتوەكان و كاسترۆی سەرۆكی كوبا پرسی چارەسەری هاتە ئاراوە.
ــ ساڵی 2016 بە تەواوەتی گەیشتنە رێككەوتن و ئیدی هارك چەكی فڕێ دا و ئاشتی جێگەی شەڕی گرتەوە.