رێژەی بێکاری لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبووەتەوە

رێژەی بێکاری بە شێوەیەکی بەرچاو لە تورکیا و باکووری کوردستان بەرزبووەتەوە و ئێستا نزیکەی سێ ملیۆن و 337 هەزار کەس لەو وڵاتە بێکارن.

بەپێی دوایین داتاکانی دامەزراوەی تویک، کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ـی ئابی 2023 بڵاویکردووەتەوە، رێژەی بێکاری لە مانگی حوزیران، لە تورکیا و باکووری کوردستان، سەدا 0.1 بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە %9.6. زۆرترین رێژەی بێکاری لە نێو ژنانە  و گەیشتووەتە سەدا 13.2 و لە نێو پیاوانیش بۆ سەدا 7.8 بەرزبووەتەوە.

بەگوێرەی هەمان سەرچاوە،  ژمارەی بێکاران لە مانگی حوزەیران لە تورکیا و باکووری کوردستان، بەراورد بە مانگی پێشوو، دوو هەزار کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و 337 هەزار کەس.

لەبارەی بێکاری لە نێو گەنجانیشدا، بەگوێرەی داتاکانی دامەزراوەی تویک، ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵ، بەراورد بە مانگی پێشوو (ئایار) سەدا 1.2 زیادیکردووە و گەیشووەتە سەدا 18.6. ڕێژەی بێکاری لەم گرووپە تەمەنییەدا؛ بە ڕێژەی لەسەدا 15.4 لە پیاوان و لە سەدا 24.2 بۆخانمان دیاری کراوە.

ژمارەی ئەو کەسانەی لە مانگی حوزەیران بەروارد بە مانگی ئایار دامەزراون، بە ڕێژەی سەدا 0.6 کەمیکردووە و گەیشتووەتە 47.8%. ئەم ڕێژەیە لەسەدا 65.2 بۆ پیاوان و لەسەدا 30.8 بۆ ژنان بووە.

بە بەراورد لەگەڵ مانگی ئایار، هێزی کار  لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە ڕێژەی 359 هەزار کەس کەمیکردووە و گەیشتووەتە 34 ملیۆن و 629 هەزار کەس، هاوکات ڕێژەی بەشداریکردنی هێزی کاریش بە ڕێژەی 0.6 خاڵ کەمیکردووە و گەیشتووەتە 52.9%. ڕێژەی بەشداری هێزی کار بۆ پیاوان لەسەدا 70.7و بۆ ژنان لەسەدا 35.5 بووە.