كارزان گلی – ههولێر
مەراڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس لە توركیا، دوای ئەوەی هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایاریان دۆڕاند بە رەجەب تەیب ئەردۆغان و هاوپەیمانیی (كۆماری)، دەنگۆ هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوو، پشت لە ئۆپۆزسیۆن و روو لە دەسەڵات بكات.
ئاكشەنەر، تاكە سەركردەی ئۆپۆزسیۆنی توركیا بوو، كە دانی بە شكستی ئۆپۆزسیۆندا هێنا لە پەرلەمان و سەرۆكهەڵبژاردنەکەی 14ی ئایار، هەروەها بە ئاشكرا گوتی، ئیدی شتێك نەماوە بە ناوی هاوپەیمانیی (میللەت). لەوكاتەوە سەركردەكانی سەر بە ئاكەپە و مەهەپە، لە هەوڵی ئەوەدان ئاكشەنەر رازی بكەن، بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، كە تەنیا حەوت مانگی ماوە، پشت لە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بكات، بەتایبەت لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا.
ئەردۆغان و هاوپەیمانیی (كۆماری)، توانییان لە هەڵبژاردنەکەی 14ی ئایاردا، سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكەن، بەڵام بۆ ئەوەی تامی سەركەوتنەكەیان خۆشتر بێت و بە تەواوی حوكمی توركیا بكەن، هەوڵ دەدەن، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی توركیا، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ، ئەنكەرا، ئەدەنا، مێرسین ببەنەوە، بۆ ئەمەشیان دەبێت، هەدەپە یان پارتی خاس پاڵپشتیان بێت.
ئاكشەنەر، بۆی روون بووەتەوە كە لەناو ئۆپۆزسیۆندا ناگات بە هیچ، چونكە ئۆپۆزسیۆن ئەو هێزەی نییە بتوانێت بەرامبەر بە ئەردۆغان سەركەوتوو بێت، تەنیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بەسەر بەربژێری ئەردۆغاندا سەر دەكەون، هەڵبژاردنی شارەوانییش سوودی بۆ پارتی خاس نییە، چونكە بەربژێر لە جەهەپەیە نەك پارتی خاس، بۆیە ئاكشەنەر بیر لەوە دەكاتەوە، ئەگەر بەشێوەی نهێنییش بێت روو لە ئەردۆغان بكات.
ئومید ئۆزداغ، سەرۆكی پارتی زەفەر، كە پێشتر یەكێك بووە لە سەركردەكانی پارتی خاس، لە تازەترین لێدوانیدا دەڵێت ”ئاكشەنەر، دەچێتە ناو هاوپەیمانیی كۆماری و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو پشت لە ئۆپۆزسیۆن دەكات“
رەنگە بۆ ئاكشەنەر قورس بێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بە ئاشكرا پاڵپشتی لە بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری بكات، چونكە هەر خۆی دروستبوونی پارتی خاس، وەكو بەدیلی ئاكەپە دروست بوو و هەروەها بۆ دژایەتی ئاكەپە و ئەردۆغان دروست بوو، بۆیە پاڵپشتیكردنی بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری بەو شێوەیەكی ئاشكرا قورسە، بەڵام وەكو تاكتیكی هەڵبژاردن، رەنگە پارتی خاس بەربژێری بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا هەبێت، ئەگەر بەربژێری هەبێت، بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری بە ئاسانی دەیباتەوە.
وەكو ئەوەی شڕۆڤەكارانی سیاسی پێیان وایە، دەبوایە هەدەپە پشت لە ئۆپۆزسیۆن و رووی لە ئەردۆغان بكردایە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، چونكە دەر كەوت ئۆپۆزسیۆن خیانەتی لە هەدەپە كردووە و كەمال كلیچدارئۆغڵو، بەربژێری ئۆپۆزسیۆن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، لە گەڕی دووەمدا بە نهێنی رێككەوتنی لەگەڵ ئومێد ئۆزداغدا كردووە ئەگەر ببێتە سەركۆماری توركیا، سێ وەزارەتی دەداتێ، یەكێك لە وەزرەتەكانیش وەزارەتی ناوەخۆ دەبێت.
ئاشكرایە، ئۆزداغ و پارتەكەی دژە كوردن، ئەگەر وەزارەتی ناوەخۆیان وەربگرتایە، رەنگە كورد دەگەڕایەوە بۆ ساڵانی نەوەدەكان و ئیدی كوشتنی كورد بەشێوەی نهێنی دەست پێ دەكردەوە، بۆیە ئەم رێككەوتنە نهێننیەی كلیچدار لەگەڵ ئۆزداغ، كوردی زۆر نیگەران كرد.
ئەگەر هەدەپە، دەستپێخەری بكات و ژێربەژێر روو لە ئەردۆغان بكات و بڵێت لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەربژێریان دەبێت، ئەوكات ئەردۆغان پێویستی بە پارتی خاس نابێت، چونكە تەنیا دەنگدەری هەدەپە، دەنگ بە بەربژێری ئۆپۆزسیۆن نەدەن لە ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بەربژێری هاوپەیمانیی كۆماری سەركەوتنی مسۆگەرە، بەڵام ئەگەر هەدەپە هەڵەی هەڵبژاردنی 2015 دووبارە بكاتەوە و تەنیا لەسەر دژمنایەتیکردنی ئەردۆغان سیاسەت بكات، حاڵی كورد زۆر خراپ دەبێت، چونكە لە لایەك مەهەپەی دژە كورد هاوپەیمانیی ئەردۆغانە، ئەگەر پارتی خاسیشی بچێتە سەر، كە ئەویش هەر دژە كوردە، ئەوكات پرسی كورد چەندین هەنگاو دەچێتە دواوە.