ئیمامئۆغڵو خرایە دەرەوەی بازنەی بوون بە سەرۆكی حیزب

كارزان گلی – هه‌ولێر

چەند سەعاتێك دوای ئەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بردەوە و كەمال كلیچدارئۆغڵو، شكستی هێنا، ئیدی دەنگی ناڕەازیی لەناو جەهەپەدا بەرز بووەوە و داوایان لە كلیچدارئۆغڵو كرد، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی حیزب بێت، بەڵام ئەو بەئاشكرا و لە بەردەم میدیاكاندا گوتی ”دەبێت كەشتییەكە تا لێواری بەندەر ببەم، ئەوەی كاپتانی ئەو كەشتییەیە خۆمم و تا نەیگەیێنمە بەندەر كۆڵ نادەم“، بەڵام ئەم گوتەیەی كلیچدارئۆغڵو سوودی نەبوو، چونكە دەنگی ناڕازی بە جۆرێك سەدای دایەوە، گەیشتە ئەو ئاستەی چەند سەركردەیەكی ناو پارت ڕێپێوان بكەن و دروشمی (گۆڕان) بەرز بكەنەوە، ئاخری ئاڵای سپییان پێی هەڵكرد.

سیناریۆی لادانی كلیچدارئۆغڵو
وەكو ئەوەی فاتیح پۆرتوكاڵ، رۆژنامەنووسی دیاری توركیا و نزیك لە بەرپرسانی جەهەپە باسی دەكات، شوێنگرەوەی كلیچدارئۆغڵو دیاری كراوە، ئەمەش دوای چەندین كۆبوونەوە و گفتوگۆی چڕی نێوان سەركردە باڵاکانی ئەو پارتە.
پۆرتوكاڵ، ئاشكرای دەكات، كەسێك بە ناوی مراد كەرەیاڵچن، كە لە سەردەمی حكوومەتی تانسۆ چیللەردا، لە ساڵی 1993، جێگری سەرۆكوەزیران بووە، هەروەها لە 1994، پۆستی وەزیری دەرەوەی توركیای هەبووە، لەسەر لیستی جەهەپە، ئەو دەچێتە شوێنەكەی كەمال كلیچدارئۆغڵو، واتە ئەو دەبێتە سەرۆكی پارت.
بەڵام سەرۆكبوونی مراد، كاتییە و بەردەوامی نابێت، تەنیا بۆ ئەوەیە كە ئەو ئاگرەی لەناو جەهەپەدا هەڵگیرساوە بیکوژێنێتەوە و پاشان ئاڵای جەهەپە دەداتەوە بە كەسێكی تر، چونكە ئەگەر ئەو سیناریۆیە جێبەجێ نەكرێت، حاڵی جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان كە تەنیا حەوت مانگی ماوە خراپ دەبێت.

چارەنووسی ئەكرەم ئیمامئۆغڵو چی لێ دێت؟
ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی گەورە شارەوانی ئیستانبۆڵ، كە ڕێبەرایەتیی ئەو دەنگە ناڕازییە دەكات لەناو جەهەپە و داوای لادانی كلیچدارئۆغڵو دەكەن و دەیەوێت بۆ خۆی ببێتە سەرۆكی جەهەپە، شانسی ئەوەی نەبوو بتوانێت لە كۆنگرەی داهاتوودا ببێتە سەرۆك، چونكە سەركردەكانی جەهەپە، پێیان گوتووە تۆ تازە هاتوویتە ناو جەهەپە و مێژووەكەت دوور نییە، هەروەها كلیچدارئۆغڵوش دەستی تۆی گرت و تۆی كردە سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ، بۆیە ئەگەر ببیتە سەرۆكی پارت، رەنگە لەناو پارتدا دەنگی ناڕازی دژی تۆش دروست ببێت و بەمەش پارتەكە بەرەو لاوازی دەچێت.
بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەستی پۆرتوكاڵ كەوتووە، ئیمامئۆغڵو دیسان دەبێتەوە بە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستانبۆڵ، چونكە پێیان گوتووە، كورد و موحافیزكارەكانی ئیستانبۆڵ تۆیان قبوڵە و تەنیا بەبەربژێربوونی تۆ، ئیستانبۆڵ ناكەوێتە دەستی ئاكەپە، بەڵام ئەگەر دوو سەركەوتن بەدەست بهێنێت، ئەوكات دەتكەینە سەرۆكی جەهەپە.
یەكەم، ئەگەربێتو ئیمامئۆغڵو، توانیی دووبارە وەكو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ هەڵبژێردررێتەوە و بەسەر ركابەرەكەیدا سەركەوێت.
دووەم، پێویست دەكات، لە ئەنجوومەنی شارەوانیشدا جەهەپە، یان هاوپەیمانیی ئۆپۆزسیۆن ببێتە زۆرینە، چونكە ئێستا زۆرینەی ئەنجوومەنی شارەوانی ئیستانبۆڵ، لە دەستی ئاكەپە و مەهەپەدایە.
ئەگەر ئیمامئۆغڵو توانیی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ئەو دوو سەركەوتنە بەدەست بهێنێت، ئەوكات دەستلەكاركێشانەوە لە پۆستی سەرۆكی شارەوانیی پێشكەش دەكات و دەبێتە سەرۆكی جەهەپە و كەسێكی تر لەناو جەهەپەدا، دەبێتە سەرۆكی شارەوانی.
لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی 28ی شوباتدا، لە 10 ناوچەی گەورەدا، كە پێشتر ئەو ناوچانە ئاكەپە تێیدا براوە بووە، بەڵام ئەمجارەیان كلیچدارئۆغڵو دەنگی زۆرتر بووە، واتە لەو 10 ناوچەیە بەپێش ئەردۆغان كەوتووەتەوە، بۆیە جەهەپە داوای لە ئیمامئۆغڵو كردووە، پێویست دەكات كاری جیدی لەو 10 ناوچەیە بكەن، تا بتوانن لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانیش دەنگ بە جەهەپە بدەن و زۆرینەی ئەنجوومەنی شارەوانیی ببەنەوە.
جەهەپە، تاكە كارت لەبەردەمی مابێت تا بێتەوە ناو مەیدانی كێبڕكێ و سیاسەت، هەڵبژاردنی شارەوانییەكانە، چونكە ئەگەر لەوێدا شارەوانییە گەورەكان بباتەوە، لەڕووی دەروونییەوە لایەنگرانی دێنەوە سەرخۆیان و شكستی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی و پەرلەمانی لەبیر دەكەن، بەڵام ئەگەر دیسان بدۆڕێن و شارەوانیی ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا، بكەوێتە دەستی ئاكەپە، ئەوكات قەڵاكەیان بەتەواوی دەڕووخێت و بنیادنانەوەی ئەو قەڵایەش زۆر ئەستەم دەبێت.