لە یەمەن 200 بووک و زاوا بەیەکەوە ئاهەنگی پێکهێنانی هاوژینییان رێکخست

لە ئاهەنگێکی بەکۆمەڵدا لە یەمەن 200 بووک و زاوا بەیەکەوە ئاهەنگی پێکهێنانی ژیانی هاوژینییان رێکخست.

ئاهەنگەکە رۆژی هەینی، 4ـی ئابی 2023 لە پارێزگای تەعز و لەلایەن رێکخراوە مرۆییەکانەوە رێکخرا. 

لە ئاهەنگەکەدا زیاتر لە 200 بووک و زاوا لە پارێزگاکانی حودەیدییە و تەعز بەشداربوون و بەشێک لە بووک و زاواکانیش لەو خێزانانە بوون کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەهۆی شەڕی نێوخۆی ئەو وڵاتەوە ئاوارە بوون. 

بەگوتەی رێکخەرانی، ئامانج لە ئاهەنگەکە “ئاسانکردنی پڕۆسەی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی و یارمەتیدانی گەنجانە بۆ ئەوەی ژیانی هاوژینی پێکبهێنن”.

یەمەن بە یەکێک لە وڵاتە هەژارەکانی جیهان و هەژارترین وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت، بەجۆرێک داهاتی ساڵانەی تاک لەو وڵاتە تەنیا 2,213 دۆلاری ئەمریکییە، لەکاتێکدا لە سعودیەی دراوسێی داهاتی ساڵانەی تاک 23,274 دۆلار ئەمریکییە.